ئێران دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات

ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئێران
ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئێران

پارێزگارەکانی ئەو سێ پارێزگایەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانن و هەفتەی ڕابردوو سەردانی هەولێریان کردبوو، پاش گەڕانەوەیان بە گرنگییەوە باسی کۆبوونەوەکەی هەولێر دەکەن و دەڵێن پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە سەردەمی زێڕینی خۆیدایە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەستی بە بازرگانی لە دەریای ناوەڕاست ڕابگات. پارێزگاری ورمێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بازرگانیی خاڵەسنوورییەکانی ئەم پارێزگایە ڕایگەیاند بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە دەریای ناوەڕاست و گواستنەوەی کەلوپەل بۆ بازاڕەکانی عێراق و سووریا دەبێ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە بستنن. ئاشکراشی کرد لە سێ ساڵی ڕابردوودا و هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان 40٪ و ترانزیتی کەلوپەل لەم خاڵە سنوورییەوە 250٪ زیادی کردووە.

بە گوتەی محەممەد سادق موعتەمدیان ئێستا چوار دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەیە بەڵام بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاسانکاریی بازرگانیی نێوان هەردوولا پێویستە ئەم دەروازە سنوورییانە بۆ 10 دەروازە زیاد بکرێن.

لە لایەکی دیکەوە پاریزگاری سنە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گفتوگۆی نێوان حکوومەت و کەرتی تایبەت، بە ئاماژەکردن بە سەردانی سەرکەوتووانەی پارێزگارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەولێر ڕایگەیاند، ئێران و هەرێمی کوردستان لە سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکانیاندان و ئێستا پەیوەندییەکانی دوو لایەن لە باشترین دۆخی خۆیدایە.

ئیسماعیل زارعی کووشا گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەی هەولێر، ئاسانکاری لە ئاڵوگۆرە بازرگانییەکان بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دوو وڵات جەختی لێ کرایەوە و کۆمیتەیەک بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی پێشوو دامەزراوە. ئەم کۆمیتەیەش یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە دەروازەی سنووریی باشماغ بەڕێوە بردووە.

محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشانیش لە کۆنفڕانسێکی میدیاییدا باسی سەردانی پارێزگارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەولێری کرد و ڕایگەیاند پەرەپێدانی بازرگانی، پەیوەندییە ئابوورییەکان و ترانزیت سێ تەوەری سەرەکیی دیدارەکان بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، جیا لە پرسی پەرەپێدانی ئالوگۆرە بازرگانییەکان لە دەروازەی سنووری پەروێزخان باس لە کردنەوەی گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و کرماشان کراوە.