سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێر

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (ڕاست) و سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران (چەپ)
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (ڕاست) و سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران (چەپ)

سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومییەوە پێشوازیی لێ کرا. 

نزیکەی کاتژمێر 09:25 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 14-06-2024، عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومییەوە پێشوازیی لێ کرا.

وا بڕیارە کاتژمێر 11:00 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بکات و دوای کۆبوونەوەش لێدوانی ڕۆژنامەوانیی دەدەن. هەر ئەمڕۆش، باقری، بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

چاوەڕێ دەکرێت سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران و گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان؛ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قووڵییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنی تاوتوێ بکەن. 

سەردانەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، 13-06-2024، عەلی باقری گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ بووەوە. هەفتەی ڕابردووش سەردانی لوبنان و سووریای کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە.

عەلی باقری دوای کۆچی دوایی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ڕووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێت هەرێمی کوردستان.