دوای هاتنی کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا، ئەمەریکا ژێردەریایی ڕەوانەی کەنداوی گوانتانامۆ کرد

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، ژێردەریایی هێرشبەرە خێراکەی خۆی بە ناوی "یو ئێس ئێس هێلینا" ڕەوانەی کەنداوی گوانتانامۆ کردووە، ئەمەش بەهۆی هاتنی کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیاوەیە بۆ کوبا بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی.

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیەی فەرماندەیی باشووری سوپای ئەمەریکا، بڵاویکردووەتەوە، ژێردەریاییەکە "بەناوچەی جوگرافیای بەرپرسیارێتی فەرماندەیی باشووردا تێدەپەڕێت وەک بەشێک لە ئەرکی دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریایی جیهانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەرگری نیشتمانی".

سوپای ئەمەریکا پشتڕاستیکردەوە کە "شوێنی ژێردەریاییەکە و بەرنامەی گەشتەکەی پێشوەختە پلانی بۆ دانرابوو".

کەشتییە جەنگییەکان و ژێر دەریایی هێرشبەری ڕووسیا لە بەندەری هاڤانا لە کوبا جێگیر بوون، ئەمەش لە چوارچێوەی گەشتێکی دوور و درێژ کە لەلایەن ئەو گرووپە ئەنجامدرا، کە ژێردەریایی ئەتۆمی ڕووسی کازان و فرێگاتی ئەدمیراڵ گۆرشکۆڤ یاوەری بوون.

ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی مانۆڕە سەربازییەکان لە دەریای کاریبی، بەلەمی دەریایی خۆی بۆ چاودێریکردنی کەشتییەکانی ڕووسیا و ژێردەریایی ئەتۆمی ناردبوو.