نیاز تاهیر: بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی حکوومەت، ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەمە

بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە

د. نیاز تاهیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تاوەکو ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەت کەم ببێتەوە.

نیاز تاهیر، گوتیشی: لەسەرەتایی ساڵی 2022ەوە لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگاری هەولێر، بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو کارنامەیە دانرا، ئەویش بە دیجیتاکردن و کار ئاسانییە بۆ هاووڵاتیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتا سیستەمی "دی ئێم ئێس"مان دانا، کە بە دۆکیۆمێنتکردنی پەڕاوەکانە لە  پارێزگایە، کە ئێستا لەزۆربەی بەشەکان کاردەکات، ئەو سیستەمە وادەکات ئەو پەڕاوانەی دێنە پارێزگا و دەگەڕێنەوە بە دۆکیۆمێنت بکات، هەروەها هەمووی ئەرشیف دەکرێت و "سێرچ" کردن و دۆزینەوەیان ئاسانە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد، بیرمان لەوەکردەوە دەروازەیەک بۆ هاووڵاتیان بکەینەوە، چونکە هاووڵاتی وا ڕاهاتووە سەردانی پارێزگا و دامودەزگاکانی حکوومەت بکات و پەڕاو پێشکەش بکات، لەبەر ئەوە سیستەمی ئۆنڵاینمان دانا، کە هەموو هاووڵاتیەک دەتوانێت لەسەر مۆبایلەکەی خۆی بچێتە سەر وێبسایتی پارێزگا و لە "ئی سێرڤس" خۆی تۆمار بکات، جا هەرکاتێک ئەو هاووڵاتییە هەر ڤیدیۆ یاخود وێنەیەک یاخود هەرداواکارییەک بنێرێت ئەوە لە ڕێگەی ستافەکەمانەوە دەگەیەندرێتە دەستی پارێزگار.

ڕاشیگەیاند، سەبارەت بەوانەی ناتوانن یان ڕانەهاتوون وێبسایت بەکار بهێنن، ئەوە هێڵێکی گەرمی پەیوەندیمان دانا ئەویش "07506000707"ـە، کە کارمەندی تایبەت هەیە وەڵامی هاووڵاتیان دەدەنەوە، بەڵام داواکارییەکان لەو ڕێگەیەوە لەکاتی دەوامی فەرمی وەردەگیرێت. و دێتە نووسینگەی پارێزگار، کە پارێزگار خۆی داواکارییەکە دەبینێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، 13-6-2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو خزمەتگوزاری خێرا لە پێناو ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان ڕادەگەیێنین. ئەمەش کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دیدگەی سەرۆکی حکوومەت، لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێزگرتن لە هاووڵاتی و بەڕێوەچوونی کاروبارەکان بەشێوەیەکی دروست و خێرا و وەڵامدانەوەی گەرمی هاووڵاتیان، کە ڕۆژانە ڕوو لە فەرمانگەکانی حکوومەت دەکەن.