ئومێد خۆشناو: لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لە حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە و ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین

پارێزگاری هەولێر: تا ئێستا 100 هەزار گەشتیار بۆ پشووی جەژنی قوربان سەردانی هەولێریان کردووە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان لە حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوەی ماوەی ڕابردوو لە شاری هەولێر بەردەوامن و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان، ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.

ڕۆژی هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بازگەی شێراوە ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، کە چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی پشووی جەژنی قورباندا، گەشتیارێکی زۆر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر بکەن.

پارێزگاری هەولێر ڕوونیکردەوە: ئەو ڕێکارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان ئەنجام دەدرێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی شار و هاووڵاتییانە، هەروەها زۆرجار هاوکاری حکوومەتی فیدراڵی کراوە بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردنی داواکراوانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

هەروەها ئومێد خۆشناو گوتیشی: بازگەی شێراوە یەکێکە لەو دەروازانەی زۆرترین گەشتیاری لێوە سەردانی هەولێر دەکات و لەلایەن ئاسایشی بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزارەوە، هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکرێت و بەشێوازێکی باش پێشوازییان لێ دەکرێت و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتییان لە سەرووی هەمووی کارەکانەوە.

هاوکات پارێزگای هەولێر لەبارەی ئەو تێبینیانەی لەسەر ڕێکارەکانی بازگەکان هەیە، ڕوونی کردەوە، ئەو پرسە بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە و ئەوەی پێشتر هەبوو لە سەردەمی کۆرۆنا بوو کە بە ناچاری دەبووایە لەپێناو سەلامەتی هاووڵاتییان بەو شێوەیە ڕێکاری خۆپارێزی بگیرێتەبەر، بەڵام ئێستا کارەکان زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچن و هەر گەشتیارێکیش کارتی دڵنیایی هەبێت، لە ماوەی سێ مانگدا چەند جار سەردانی هەولێر بکات، یەکجار خۆی تۆمار دەکات.

لەبارەی ژمارەی گەشتیارانەوە، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد: ڕۆژانە زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار دێنە هەولێر و تاوەکوو ئێستا نزیکەی 100 هەزار گەشتیار لە بازگەی شێراوەوە، سەردانی هەولێریان کردووە بە مەبەستی بەسەربردنی پشووی جەژنی قوربان و چاوەڕێش دەکەن، ئەو ژمارەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر بێت.

پارێزگاری هەولێر باسی لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کرد ڕایگەیاند: هەندێک لە حاڵەتەکان ئەنجامەکان ئاشکران کە هۆکارەکەی بەهۆی کەمتەرخەمی هاووڵاتییان یان بەکارهێنانی کەرەستەی کوالێتی خەراپ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا، سێ حاڵەت هەیە لێکۆڵینەوە دەکرێت و گومانیان لەبارەوە هەیە.

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد: دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەو سێ حاڵەتە، ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت و ئەنجامەکان وەکوو خۆی ڕادەگەیەنرێت.