حاجییان ئەرکەکانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجیان دەستپێکرد

حاجییان لە مینا کۆدەبنەوە تا سبەی بچنە کێوی عەرەفە - وێنە: AP
حاجییان لە مینا کۆدەبنەوە تا سبەی بچنە کێوی عەرەفە - وێنە: AP

K24 - هەولێر:

بە بەشداری زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی لەسەرانسەری جیهانەوە، ئەمڕۆ فەریزەی حەج دەستپێدەکات و لە چەند هەنگاوێک پێکهاتووە، هەنگاوی یەکەمیش دوای پۆشینی ئیحرام، وەستانی حاجییانە لە کێوی عەرەفە.

دەسەڵاتدارانی سعوودیە لەگەڵ دەستپێکردنی ڕێوڕەسمەکانی حەج جەخت لەوەدەکەنەوە، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و ڕێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی حاجیان لە گەرما گرتووەتەبەر.

هاوکات ئاماژەش بەوە دەکەن، وێڕای ئامادەبوونی تیمە تەندروستی و ئەمنییەکان، زیاتر لە چوار هەزار خۆبەخشیش، ڕێنمایی و هاوکاری حاجییان دەکەن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی حەج. ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندرستیی سعوودیە ڕایگەیاندووە: 40 هەزار و 500 کەس خزمتەگوزاری تەندروستی پێشکەش بە حاجییان دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024) ئەرک و واجباتی حاجییان دەستیپێکرد و دوای ئیحرام بەستن بەرەو مەشعەری مینا بەڕێکەوتن، بۆ ئەوەی سبەی شەممە لەسەر کێوی عەرەفە بوەستن و تا خۆرئاوابوون لەوێ دەمێننەوە.

دوای گەڕانەوەیان لە کێوی عەرەفە، حاجییان لە موزدەلیفە دەمێننەوە، کە دەکەوێتە نێوان مینا و کێوی عەرەفە، بەگوێرەی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، مانەوە لە موزدەلیفە واجبە و پێویستە حاجییان نوێژەکانی مەغریب و عیشا کورت بکەنەوە و لەوێ پێکەوە ئەنجامی بدەن، هەروەها سوننەتە حاجییان تاوەکو بەیانی جەژنی قوربان لە موزدەلیفە بمێنێتەوە و ئەگەر هەر حاجییەکیش لە موزدەلیفە نەمایەوە ئەوا کەفارەتی دەکەوێتە سەر.

دوای ئەوە حاجییان دەچنە جەمەڕات و ئەرکی ڕەجمکردنی جەمەرەی عەقەبە جێبەجێ دەکەن، کە ئەرکی ڕەجمکردن بۆ حاجییان بەپێی ڕێکارەکانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، سێ جارە کە هەر جارێک حاجییان حەوت بەردی بچووک دەگرنە ئەو شوێنەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە بەناوی جەمەرەی عەقەبە.

هاوکات لەگەڵ تەواوکردنی ئەرکی رەجمکردنی یەکەم، حاجییان دەست بە ئەرکی تەوافکردن بە دەوری کەعبەی پیرۆز دەکەن لە مەککە و بە بڕینی بەشێکی مووی پرچیان، ئیحرام دەشکێنن و دەتوانن جلوبەرگی ئاسایی لەبەربکەن و قەدەغەکراوە شەرعییەکانی کاتی بەستنی ئیحرام، بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجام بدەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردووە.