کێنیت مکێنزی: كورد توانیویەتی بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاری داعش ببێتەوە

کێنیت مکێنزی، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی هێزی مارێنزی ئەمەریکا
کێنیت مکێنزی، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی هێزی مارێنزی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

جەنەڕاڵێکی خانەنشینکراوی هێزی مارێنزی ئەمەریکا راگەیاند، گەلی کورد توانیویەتی بەشێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاری داعش ببێتەوە و ئەم کارە بە بەرز دەنرخێنن، هاوکات گوتی: تا ئێستاش داعش هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە.

کێنیت مکێنزی، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی هێزی مارێنزی ئەمەریکا، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: شەڕ لە دژی داعش بەردەوام بوو، دۆستە کوردەکانمان بەشێوەیەکی کاریگەر بەردەوامبوون لە دروستکردنی فشار لەسەر داعش و تا ئەم ڕۆژەش بەردەوامن و ئێمە بە بەرزی دەینرخێنین.

ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا گرنگە بۆ ناوچەکە و خەڵك متمانەی بە ئێمەیە و بڕوایان وایە بە باشترین شێواز و بۆ بەرژەوەندی هەمووان کار دەکەین، خەڵک دەرفەتیان دەوێت لەگەڵ ئەمەریکا پەیوەندییان هەبێت و بڕوام وایە ئەمە بەردەوام دەبێت.

هاوکات گوتی: "داعش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە، سووریا، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە ماوە".