حاجییەکی 80 ساڵەی سنەیی لە مەککە کۆچی دوایی کرد
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، خانمێکی تەمەن 80 ساڵەی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی عەزیزە ناسری، لە شاری مەککەی سعوودیە کۆچی دوایی کردووە.
کاوە شێرزادی، شەممە، 15ی حوزەیرانی 2024 بە ئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاندووە، ئەمە یەکەمین حاجیی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە حەج کۆچیی دوایی بکات و هۆی مردنەکەشی جەڵتەی دڵ بووە.
ئاماژەشی داوە، ئەو خانمەی کۆچی دوایی کردووە دانیشتووی ناوەندی شاری سنە بووە و لەسەر ڕەزامەندی ئەندامانی خێزانەکەی تەرمەکەی لە مەککە بەخاک سپێردراوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری ئەو پارێزگایە هەزار 145 هاووڵاتیی بۆ بەجێگەیاندنی حەج بەرەو سعوودیە چوون کە 608 کەسیان ئافرەت و 537 کەسی دیکەشیان پیاو بوون و لە چوارچێوەی 10 کاروان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزە چوونەتە سعوودیە لە نێویاندا 9 کاروانی سوننە مەزهەب و یەک کاروانی شیعە مەزهەب بووە و لە فڕۆکەی هەمەدانەوە بەرەو حەج چوون.
هەروەها ئاماژەی داوە، لاوترین حاجی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سنە تەمەنی 16 ساڵە و بە تەمەنترین حاجیش 112 ساڵە.