بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو بۆ کوردستان24: بۆمبەکە لەنێو حاویەکی زبڵ دانرا بوو

بازاڕی گەورەی خورماتوو
بازاڕی گەورەی خورماتوو

K24 – کەرکووك:

لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لەنێو حاویەکی زبڵ لە بازاڕی خورماتوو سێ کەس بریندار بوون و زیانێکی زۆریش بە ئۆتۆمبێل و دوکانی هاووڵاتییان کەوت.

شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووك ڕایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 10ـی ئەمشەو تەقینەوەیەک لەنێو بازاڕی گەورەی خورماتوو ڕووی دا، بۆمبەکە لەنێو حاویەکی زبڵ لە  بازاڕەکە دانرا بوو.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئەو بۆمبەی کە لەنێو حاویەکە دانرابوو لەو کاتەدا بووە کە هاووڵاتییان خەریکی کڕینی پێداویستی جەژن بوونە.

دیلان بارزان، دەڵێت: تیمەکانی لێکۆڵینەوەی تاوان و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، بازاری گەورەی خورماتوو هێزێکی ئەمنی زۆری لێیە و تا ئێستە کەس لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.

لەم بارەیەوە عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: بەهۆی تەقینەوەکە سێ کەس بریندرابوون، هەروەها برینداران ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و یەکێ لە بریندارەکان منداڵە.

شارۆچکەى خورماتوو دەکەوێتە باشوورى ڕۆژئاواى شارى کەرکووک، زۆربەى دانیشتووانەکەى کوردن و بەشێک لە تورکمان و عەرەبیش لەو شارۆچکەیەدا دەژین. لە دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆكتۆبەر سەدان هاووڵاتی کورد لە خورماتوو ئاوارەبوون و دەیان خانوو و موڵکیان لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە تاڵانکران و دواتر سووتێندران.

ک