بازاڕی سەوزە و میوەی قەراغ ڕێگەکانی مەریوان جمەیان دێ
جوتیار و باخەوانانی گوندەکانی دەوروبەری شاری مەریوان بەروبوومەکانیان لە قەراغ ڕێگەکان دەفرۆشن و ناینێرن بۆ عەلوەی مەریوان و شارەکانی دیکە و دەڵێن: نامانەوێ ببینە بازاڕ و خۆشیی بۆ دەڵاڵەکانی عەلوە.
گوندەکانی دەوروپشتی زرێباری مەریوان زیاتر لە 10 ساڵە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان نانێرنە بازاڕی شاری مەریوان و شارەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە، هۆکەشی نەبوونی چاودێرییەکی دادپەروەرانەیە لەسەر بازاڕەکان.
جوتیارەکان گلە و گازندە دەکەن بەشی زۆری قازانجی بەروبوومی کشتوکاڵی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی گرانتربوونی نرخی میوە، هەر بۆیە دانیشتووانی ئەم گوندانە، هەر لە قەراغ شەقام وڕێگەی نێوان شارو ئاواییەکان بەرمەکانیان دەفرۆشن.
حەسەن ئازەری، دەڵێت " ساڵانە لێرەوە بەرهەمەکان ساغ دەکەینەوە و لە مەریوان و ناوچەکانی دیکەشەوە کڕیاران دێن. بەڵام حکوومەت هیچ خزمەتگوزارییەک و کارئاسانییەکی نە بۆ ئێمە و نە بۆ جوتیاران نەکردووە، جا لە ڕێگەوبان بێت یان پێدانی مۆڵەتی فەرمی، بە کورتییەکەی لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێبەشین"
ڕۆژانە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی نشتەجێی مەریوان و ئەو گەشتیارانەش کە لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە مەریوان، بۆ کڕینی میوەی تازە و خۆماڵی و ئۆرگانیک دێنە ئەم گوندانە. کەسی وا هەیە حەفتەی جارێک دێت و بەشی پێداویستیی حەفتەیەکی بنەماڵەکەی لەم گوندانە میوە دەکرێت.
مادح ئەمجەدی، دانیشتووی شاری مەریوانە و یەکێکە لە ڕێبوارانی ڕێگەکە بۆ کڕینی میوە و سەوزە لای داوە ، دەڵێت: "کارێکی زۆر جوان و باشە تەواوی بەرهەمەکانیان سروشتین و تازەن، هەفتانە جارێک لێرەوە تێ دەپەڕم پێداویستییەکان دەکرم".
نەوزاد دەوڵەتیاری، ئەویش دانیشتووی مەریوانە و دەڵێت: "بەڕاستی بەرمەکانی میوە و سەوزە لێرە لە ڕووی نرخەوە زۆر هەرزانترە لە بازاڕی نێو شارەکان، چونکە ڕاستەوخۆ لە جوتیارەکان دەکڕێتەوە، سووی دەڵاڵەکانی ناچێتە سەر، ئەمە جیا لەوەی بەرهەمەکان تازەن و تام و چێژی سروشتی هەیە".
کشتوکاڵ، سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەڵام بە نەبوونی ساردخانەی میوە و کارگەی پیشەسازیی لە قوتووکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، کە ئەم بەروبوومانە لە جووتیاران بکڕنەوە و هەروەها لە نەبوونی سیاسەتێکی دادپەروەرانەی کڕین و بەبازارکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران لە لایەن حکوومەتەوە، جووتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچارن لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان، بە خێرایی و بە نرخێکی هەرزان بە کڕیارانی بفرۆشن.