چالاکوانان دژی سیاسەتەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت گردبوونەوە

گروپی جی حەوت
گروپی جی حەوت

50ـەمین لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە ئیتاڵیا بەردەوامە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی چالاکوانان خۆپیشاندانێکیان لەدژی ئەم لووتکەیە ڕێکخست و دەڵێن، "سەرکردەکان وردەکاریی ئەو بڕیارانە ئاشکرا ناکەن کە کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی جیهان هەیە، جگە لەمەش ئەم جۆرە کۆبوونەوانە جیاکاریی لەنێوان چینی هەژار و دەوڵەمەند زیاتر دەکات.

لەگەڵ بەڕێوەچوونی لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت، خۆپیشاندەران دژی سیاسەتەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت گرد بوونەوە، داوا دەکەن پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن و کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە خۆپیشاندەران دەڵێن، "ئەو لووتکەیە و ئەو ئێوارەخوانەی بۆ سەرکردەکان ئامادەکراو جیاکارییە لەنێوان چینی هەژار و دەوڵەمەند و دەکرێت بە تێچووییەکی کەمتر کۆبوونەوەکە بەڕێوە بچێت، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر شەقام خوانێکیان ئامادە کرد کە لە چەند خواردنێکی سادە پێک هاتبوو".

ڕۆبێرتۆ ئاپریلێ، خۆپیشاندەر، دەڵێت، "دەمانەوێت ئاماژە بەو جیاوازییە گەورەیە بدەین لەنێوان ئێمە و ئەواندایە، جگە لەمە جیهان زیاتر و زیاتر پاداشت بە دەوڵەمەندەکان دەدات، لەلایەکی دیکەش خەڵکێکی زۆر برسی دەکات. ئەوان و بە تایبەتی جی حەوت جەنگی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەربازی بەکاردەهێنن تا هەژموونیان بەسەر جیهان بسەپێنن."

زۆرجار کۆبوونەوە لە ئاستی باڵا دەکرێن و لە کۆتاییدا وردەکاریی گفتوگۆکان بە تەواوی ئاشکرا ناکرێن، خۆپیشاندەرێک دەڵێت ئێستە دەرفەتە بۆیان وردەکاریی ئەو بڕیارانە بزانن کە کاریگەری لەسەر چارەنووسیان هەیە.

لیا کاپرێرا، چالاکوان ڕایگەیاند، ئەو حوکمڕانانە کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسی جیهان دەدەن، بەبێ ئەوەی وردەکاریی ئەو بڕیارانە ئاشکرا بکەن، بۆیە دەرفەتە بزانین و ڕەخنە لە شێوازی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی جیهان بگرین، ئێستە لە سەرو هەموو شتێک دژایەتیی جەنگ و چارەسەریی گۆڕانی کەشوهەوایە، بەڵام بەشێک نین لە گفتوگۆی سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت."

زیاتر لە دوو ساڵە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، جەنگی ئیسرائیل و حەماسیش پێی ناوەتە مانگی نۆیەمەوە و بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زەوی خەریکە دەکوڵێت، بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەو ئەو قەیران و ململانێ جیهانییانە 50ـەمین لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە ئیتاڵیا دەستی پێ کردووە، بەڵام خۆپیشاندەران و چالاکوانان هیچ هیوایەک لەم لوتکەیە بەدی ناکەن و ڕەخنەشی لێ دەگرن.