لە سوید ڕێوڕەسمی جەژن بەڕێوە دەچێت

زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمان لە سوید دەژین، بۆیە لە بۆنە ئاینییەکان لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و هەوڵ دەدەن بەپێی ئاین و فەرهەنگی خۆیان پێشوازیی لە جەژن بکەن، زۆرێکیان خواردن و پێداویستییەکان جەژن دەکڕن، بۆیە قەرەباڵغی زیاتر دەکەوێتە ناو دووکانەوە.

دەستە دەستە موسڵمانان دەچنە دووکانەکانی گۆشت فرۆشتەکان، بە هۆی جیاوازیی کاتژمێرەکان و کاتی کارکردنی موسڵمانان هەر کامە  لە کاتێکی جیاواز، چێشتی جەژن دەخۆن.

حاجی سەلمان ئەمین، هاووڵاتی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانان دەکەم، هیوام وایە هەمووان بە خۆشی شادی پێوە کۆببنەوە و ئەو ڕۆژە بەیەکەوە بەسەر بەرن، هیوادارم هەموو کوردێک بەیەکەوە لەو ڕۆژەدا سەردانی یەکتر بکەن".

ئیدریس، کە دووکاندارە دەڵێت، ڕۆژی جەژن لە سەرلە بەیانی زووەوە هەتا ئێستە لەبەر کڕیارەکان لێرەم.

ئیدریس، گۆشتفرۆش دەڵێت، "لەبەیانییەوە تاکو ئێستە هیچ ڕانەوەستاوم، لەبەر ئەوەی جەژنە و خەڵکی گۆشت دەخوات، ئەگەر لە ڕۆژانی دیکە نەیخوات بەڵام بۆ جەژن دەبێت لەسەر خوانەکەی بێت و بیخوات، بە هەموو نەتەوەکانەوە بەتایبەت ئەوانەی کە موسڵمانن".

لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی ژیان لە وڵاتانی ئەورووپا بە هۆی کار کردنەوە جیاوازە، بەڵام موسڵمانان هەوڵدەدەن ڕۆژانی جەژن لە دەوری یەک کۆببنەوە.

ئامانج عەبدولقادر، هاووڵاتی گوتی، "پیرۆزبایی جەژن لە هەموو موسڵمانان دەکەم، جەژن لە کوردستان و هەمووشتێک لە کوردستان تامی خۆی هەیە، ئێرە نابێت بە کوردستان، هەرچەند هەوڵیش بدەین بیکەین بە جەژن و کۆبینەوە، بەلام تامی کوردستان نادات".

لە سوید زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمان دەژین و بەپێی داتاکان زیاتر لە 18 مزگەوت لە سوید بە فەرمی هەن و نزیکە 235 هۆڵی تایبەت بە بۆنەی موسڵمانان  هەیە.

موسڵمانانی دانیشتووی سوید لە بۆنە و جەژنەکاندا بۆ کڕینی پێداویستییەکان زیاتر دەچنە بازاڕەکان.

موسڵمانان لە هەر شوێنێک بن، بەپێی هەلومەرج ئەرکە ئایینییەکان جێبەجێ دەکەن بەتایبەتی لە جەژنەکان، لە تاراوگە موسڵمانان لە بۆنەکان لە مزگەوت کۆدەبنەوە و جگە لە جێبەجێ کردنی ئەرکە ئاینییەکان، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵ دەدەن جەژنەکان بکەنە هەل بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە یەکتر.