لە ئێران دووشەممە جەژنە!

تاران
تاران

کۆماری ئیسلامی ئێران سبەینێ دووشەممەی بە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان ڕاگەیاند.

بەپێچەوانەی ئەوەی ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرسێ پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاووڵاتییان کردوویانەتە جەژن و دەستیان کردووە بەقوربانی کردنی ئاژەڵان، بەڵام حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە سبەینێ دووشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەبێت.

حکوومەتی ئێران چەند ساڵێکە ڕۆژێک دوای زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت سوننە مەزهەبەکان، جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان ڕادەگەیەنێت.

هەروەها زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان دوێنێ شەممە ڕایگەیاندبوو، لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی دەستەی دادگای باڵای ئەفغانستان، دووشەممە، 17ی حوزەیرانی 2024 یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەبێت.

گوتەبێژەکەی حکوومەتی تاڵیبان لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی داوە، بە هەموو هاووڵاتییانی ئەفغانستان ڕادەگەیەنین کە شەممە ڕۆژی عەرەفە نییە و یەکشەممە عەرەفەیە و دووشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەبێت، ئەمە بڕیارێکی شەرعییە و دەبێت گشت خەڵکی ئەفغانستان پێوەی پابەند بن.