دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەم جەژن 80 ئاژەڵ دەکاتە قوربانی و بەسەر هەژاران دابەشی دەکات

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خیرخوازی بارزانی
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خیرخوازی بارزانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوشتی قوربانی بەسەر خانەوادەی هەژار و کەمداهاتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکات.

یەکشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2024، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە ڕاسپێردراوین کە لە بۆنە ئاینی و نیشتمانییەکان هەموو تواناکانی خۆمان بە هەماهەنگی لەگەڵ خێرومەندانی کوردستان بخەینە کار، بۆ ئەوەی لە خزمەتی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەراندا بین.

 ئەو سەرۆکە دەڵیت، "ئەمساڵ کۆی خەرجی چالاکییەکانی ئێمە، لە حەوت ملیار دینار تێپەڕی، کە 15هەزار و 45 منداڵ لە پڕۆژەی منداڵانی ئازیز، بە بەهای چوار ملیۆن 575 هەزار دۆلار لێی سوودمەند بوون. هەروەها هاوکاریی کاش بە بەهای 130 هەزار دۆلار بەسەر زیاتر لە 600 خێزان دابەش کراوە. جلوبەرگی منداڵان بۆ جەژن بە 569 منداڵ دابین کراوە، لەگەڵ خۆراکی وشک و سەبەتەی خۆراک بۆ 500 خێزان".

موسا ئەحمەد دەشڵێت: "ئێمە 80 جوانەگامان دابین کردووە بۆ پارێزگاکانی کوردستان، لە کەرکووکەوە تا دەگاتە هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر و دهۆک، هەروەها لەو ژمارە، زیاتر لە 20 ئاژەڵی گەورە بۆ یەکەم ڕۆژی جەژن لە هەولێر، دەکەنە قوربانی و بەسەر ماڵ و گەڕەکە هەژارەکانی هەولێردا دابەشی دەکەن".