ئومێد خۆشناو: ماڵی بەساڵاچووان ژمارەیان تا ئێستە نەگەیشتووەتە 100 کەس

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ماڵی بەساڵاچووان ژمارەیان تا ئێستە نەگەیشتووەتە 100 کەس، ئێرە ئەو شوێنەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە هاووڵاتیی خۆی و تێگەیشتنی سەرۆکوەزیران، ئەرکی هەموو دامەزراوەکانی حکوومەتە لە خزمەت ئەو کەسانەدا بین.

یەکشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر ئەو شوێنەیە کە جێبەجێکردنی ئەرکێکە لە ئەرکەکانی حکوومەت، بۆ ئەو کەسە بەساڵاچووانەی کە بەهەر هۆیەک بێت لەوێیە، بەشێک لەوان کەسوکارییان نەماوە و بەشێکیش لەوان لەگەڵ کەسوکاریان ناژین.

ئەو پارێزگارە دەڵێت، "ئەگەر سەرنج بدەی کۆمەڵگەی کوردستان، ئێستە جێگەی دڵخۆشییە، بەتایبەت پارێزگای هەولێر کە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی هەیە. ژمارەیەکی زۆریش لە ئاوارە و پەنابەر تێیدا دەژی، لەگەڵ خەڵکێکی زۆری شارەکانی دیکە کە لێرە دەژین، بەڵام میوانانی ئەم ماڵی بەساڵداچووانە هێشتا ژمارەیان نەگەیشتووەتە 100 کەس، واتە هەر لە خوار 100 بووە. کە ئەوە ژمارەیەکی زۆر باشە لەوەی تا ئێستە کۆمەڵگەی کوردستانی، لە ڕووی کۆمەڵایەتی ئەو داب و نەریەتە ئەو فەرهەنگەی کە هەیە، پاریزگاری لێ کراوە".

ئومێد خۆشناو دەشڵێت: "خێزان ئەگەر گرفت و کێشەی هەبێت، بەڵام لێک هەڵنەوەشاوەتەوە، تاکوو ئەندامانی خێزانەکانیان بکەوێتە شوێنێکی وا. هەرچەندە ئەگەر ژمارەکەش کەم بێت، ئێرە ئەو شوێنەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە هاووڵاتیی خۆی و تێگەیشتنی سەرۆکوەزیران، ئەرکی ئێمەیە هەموو دامەزراوەکانی حکوومەتە لە خزمەت ئەو کەسانەدا بین".