کاندیداکانی سەرۆکایەتیی ئێران کێبڕکێی ڕاکێشانی دەنگدەران دەکەن

کاندیدانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران سەعید جەلیلی - مەسعوود پزیشکیان
کاندیدانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران سەعید جەلیلی - مەسعوود پزیشکیان

هەوڵی کاندیداکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماریی ئێران بۆ ڕاکێشانی دەنگدەران بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان بەردەوامە.

لە کۆی شەش کاندیدای ئەمجارە پێنجیان سەر بە ڕەوتی کۆنەپارێزن و جەخت لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی دەکەنەوە.

سەرەکیترین کاندیدانی کۆنەپارێزەکان، سەعید جەلیلییە و سیاسەتمەدارێکی توندڕەو کە دژی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و هەر جۆرە نەرمی نواندنێکە بەرانبەر بە ڕۆژاوا.

ئەوکاتەی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەتۆمیی ئێران بوو، توندڕەوییەکانی بوونە هۆی پەسندکردنی شەش بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەوتی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئیران.

 سەعید جەلیلی، کاندیدای سەرۆکایەتیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دەڵێ "بە دڵنیاییەوە ئەو کەسە هەڵدەبژێردرێ کە لە هەمووان زیاتر وەک سەرۆککۆماری شەهیدمانە و ئەو کەسەی ڕێگای ئەو تەواو دەکا و ڕەنگە لەویش باشتر بێ".

لە شەش کاندیداکە تەنیا یەکێکیان لە لایەن بەشێک لە ڕیفۆرمخوازانەوە پشتیوانیی دەکرێ، ئەویش مەسعوود پزیشکیان، وەزیری تەندروستیی کابینەی محەممەد خاتەمییە، ئەگەرچی کاندیدانی ڕیفۆرمخوازەکانە، بەڵام خۆی دەڵێ ڕیفۆرمخواز نییە و کۆنەپارێزە.

ئەو هەر ڕۆژی ناوتۆمارکردنی ڕایگەیاند، هاتووە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر بۆ سەر سەندووقی دەنگدان ڕاکێشێت.

مەسعوود پزیشکیان کاندیدای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێ "هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگادا جلوبەرگێکی جیاواز لەبەر دەکەن، ڕەنگە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ بیر و باوەڕی ئێمە نەبێ. ئەوان تەنیا دەیانەوێ جۆرێکی دیکە جلوبەرگ لەبەربکەن، بەڵام کاتێک ئێمە دێین بە ناوی پلانی نوورەوە بەرەنگاریان دەبینەوە، ئەوان دەکەینە دژی خۆمان. دەیانکەینە دژی ئایین. ئەگەر ژنان و کچانی ئێرانی و هەموو ئەو کەسانەی لە سندووقەکانی دەنگدان زیز بوون، بێنە سەر سەندووق و دەنگ بدەن، لانیکەم دەتوانن پێش بە ڕوانگەی داخراوی ئەو لایەنە توندڕەوە بگرن".

سەرەڕای بانگەشەکانی پزیشکیان، خەڵکی ئێران دەزانن بڕیاردان لەسەر وەها پرسێک لە دەسەڵاتی سەرۆککۆماردا نییە و ئەوە ئایەتوڵلا خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە دەدات. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێ کە بانگەشە و بەڵێنەکانی پزیشکیان نەیتوانیوە کەشی سارد و سڕی بانگەشەی هەڵبژاردن گەرموگوڕ بکات.