خۆشی جەژن لای فەڵەستینییەکانی غەززە نەماوە

ئاوارەکانی کەرتی غەززە - فۆتۆ: AFP
ئاوارەکانی کەرتی غەززە - فۆتۆ: AFP

خەڵکی غەززە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، هاوشان لەگەڵ موسڵمانانی جیهان نوێژی جەژنیان کرد و جەژنە پیرۆزەیان لە خوشک و برا فەڵەستینییەکانیان کرد.

نزیکەی هەموو خێزانێکی فەڵەستینی کەسێکیان لە شەڕەکەدا لەدەستداوە، ئەگەر ئەندامی خێزانەکەشیان نەبێت، ئەوا دۆست و ناسیاوێکیان کوژراوە، ئەمەش خۆشی جەژنی لەلای غەززەییەکان نەهێشتووە.

سەرەڕای بەردەوامی شەڕ و بۆردوومانەکان، کەچی فەڵەستینییەکان لەنێو داربەرد و پاشماوەی خانووە خاپوورکراوەکانیان نوێژی جەژنی قوربانی پیرۆزییان بە کۆمەڵ کرد.

کاولکاری و لەدەستدانی کەسانی ئازیز و خۆشەویست، وایکردووە جەژن لای غەززەییەکان هەمان چێژ و خۆشی جارانی نەبێت.

دایکی محەمەد، ئاوارەی غەززە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،، "ئەم جەژنە تەواو جیاوازە. خەڵکێکی زۆرمان لەدەست داوە و کاولکارییەکی زۆر هەیە. هەمان خۆشی جارانی جەژنمان نەماوە و قوربانی ناکەین. جاران بە خۆشی و پێکەنینەوە دەهاتین بۆ نوێژی جەژن. ئەم جەژنە، من بە خەم و پەژارەوە هاتووم بۆ نوێژی جەژن چونکە کوڕەکەمم لەدەست داوە."

جەژن هەر چۆنێک بێت بۆ منداڵان، خۆشی و مانای خۆی هەیە، کەچی بەهۆی شەڕەکەوە نزیکەی 15 هەزار منداڵ کوژراون، ئەمەش هێندەی دیکە خۆشی جەژنی لای غەززەییەکان کاڵترکردووەتەوە.

ویسام، ئاوارەی غەززە، دەڵێت: "هیواخوازبووین وەک هەموو خێزانەکانی دیکە، جەژن لە نێو ماڵەکانمان پیرۆز بکەین، بەڵام هێزی داگیرکار بێبەشی کردووین لەمە. هیواخوازبووین منداڵەکانمان لەباوەش بگرین و ئەم جەژنە لەگەڵ ئەوان خۆشی بگێڕین، بەڵام ئەوان ئێستە لە گۆڕستانەکانن".

زۆری ژمارەی کوژراو و قوربانییەکان، خۆشی و شادی جەژنی لە دڵی فەڵەستینییەکان نەهێشتووە. خۆشییەکانی جەژنی پیرۆزی قوربانیان بوونەتە قوربانیی ئەم شەڕە.