بەرگریی شارستانیی چۆمان خانمێکی ئوسترالییان ڕزگار کرد

ڕزگارکردنی ئافرەتێکی ئوسترالی لە خنکان - وێنە: بەرگری شارستانی سۆران
ڕزگارکردنی ئافرەتێکی ئوسترالی لە خنکان - وێنە: بەرگری شارستانی سۆران

تیمێکی بنکەی چۆمان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئافرەتێکی بە ڕەچەڵەک ئوسترالیان لە ڕووباری قەیماسان ڕزگار کرد.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەکوردستان24ی ڕاگەیاند، کاتژمێر 1:50 لە ڕووداوێکی گیرخواردنی هاووڵاتییەکی بیانی ئاگادارکراونەتەوە لە ناوچەی قەیماسان لە ناوچەی ناوپردانی سەر بە شارۆچکەی چۆمان.

میراودەلی گوتیشی: ئەو ئافرەتە ئوستراڵییەی ڕزگاریان کردووە و تەمەنی 49 ساڵە و ناوی (لوزا سلڤان نیل)ـە و مامۆستای زانکۆیە لە بەغدا، بە مەبەستی گەشت لەگەڵ گرووپێکی گەشتیاری هاتووتە هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئاماژەی دا، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بنکەی چۆمان توانیانە لە شوێنێکی سەختی شاخاویی و لە ڕووباری قەیماسان ئەو ئافرەتە بیانییە لە مەترسیی خنکان ڕزگار بکەن.