بە بیابانبوون عێراق دووچاری مەترسییەکی گەورە دەکاتەوە

وشکەساڵی لە عێراق
وشکەساڵی لە عێراق

بە بیابانبوون وا لە عێراقییەکان دەکات لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئاوارە ببن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژە بەوە دەکات، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.

ئەو دیاردە ژینگەییانەی بووەنەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئایندەی عێراق، ساڵانە خراپتر دەبێت و بەهۆیەوە ئاوارەبوونی دانیشتووانی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامە.

بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە و ساڵانە 404 کیلۆمەتر دووجا زەوی کشتوکاڵی لەدەست دەدات.

بەگوێرەی ئەنجومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار نزیکەی لە ٪60ـی جووتیاران بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ناچاربوونە لە ڕووبەرێکی بچووکتر و بە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی کەمتری ئاو، کشتوکاڵ بکەن، لە هەر پێنج جووتیارێک، چوار جووتیار ناچاربوونە خەرجییەکانی خۆراک بۆ ساڵێک کەمبکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئاستی ئاوی هەریەکە لە ڕووباری دیجلە و فوڕات نزیکەی لە ٪30 بۆ لە ٪40 دابەزیوە و ڕێژەی خوێ زیادی کردووە.

هەروەها تا ئەیلوولی ساڵی رابردوو نزیکەی 130 هەزار و 788 کەس بەهۆی وشکەساڵی لە 12 پارێزگای عێراق، ئاوارەبوونە.

نزیکەی 670 کیلۆمەتر لە عێراق  بەبیابان بووە و زیاتر لە ٪38ـی خاکی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت.

بەبیابان بوون بەهۆی چەندین کارتێکەرەوە زیادیکردووە و هۆکارەکانی بریتیین لە، بڕینی درەخت بە هەڕەمەکی، فراوانبوونی ڕووبەری نیشتەجێبوون، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کەمبوونەوەی رووپۆشی ڕووەکی، کشتوکاڵی چڕ و کەمئاوی.