حاجییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە گیانی سپارد

ئەو حاجییەی لە سعوودییە گیانی سپاردووە
ئەو حاجییەی لە سعوودییە گیانی سپاردووە

حاجییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە، دوای تێکچوونی دۆخی تەندروستی، گیانی سپارد.

دووشەممە، 17-06-2024، ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ، عەبدولحەمید ڕەحیم عەبدولکەریم، دانیشتووی گەرمیان، لە کاتی رەجمکردن دۆخی تەندروستی تێکچوو و گیانی سپارد.

ڕۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەم حاجییە کە بە شێوەیەکی فەرمی، لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ چووبێتە سعوودییە و کۆچی دوایی بکات. 

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 13 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە سعوودییە، گیانیان سپاردووە. لە کۆی ئەو 13 هاووڵاتییە تەنها یەکیان بە شێوەیەکی یاسایی چووەتە سعوودییە. 

ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی وڵاتی سعوودییەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە حەج .

بە گوتەی کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە 20ـی حوزەیرانەوە ئەو حاجییانەی لە رێگەی وشکانییەوە چوونەتە حەج، بەپێی خشتەیەکی تایبەت دەگەڕێندرێنەوە.