له‌ کوشتارگەی‌ سلێمانی‌ زۆرترین ئاژەڵ‌ و له‌ كوشتارگه‌ی‌ دهۆك كه‌مترین ئاژه‌ڵ سه‌ربڕدراوه‌

کوشتارگە
کوشتارگە

یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لەپارێزگای سلێمانی زۆرترین ئاژەڵی قوربانی سەربڕاوە و لە پارێزگای دهۆکیش کەمترین ژمارە.

دووشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2024، د. ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەکوشتارگەی هەولێر، 280 سەر ئاژەڵی بچووک ‌و 22 ئاژەڵی گەورە سەربڕاون و 304 کگم گۆشت ڕەت کراوەتەوە.

بەرپرسی هۆبەی کوشتارگە دەڵێت، "بە بەراورد بە ساڵی 2023، ئاژەڵی گەورە 413 بووە و 1359 ئاژەڵی بچووک سەربڕاون، کۆی گشتی 118000کگم گۆشت بوو، دوو هەزار و 26کگم گۆشتیش  ڕەت کراوەتەوە".

دەشڵێت، " بۆ جەژنی قوربانی ئەمسال، قوربانیی لەلایەن هاووڵاتییانەوە کەم بووەتەوە، ڕەنگە سەربڕینی ئاژەڵ  لەچاو ساڵی پاردا زۆر کەم بێت".

محەممەد مەحمود، بەڕێوەبەریی کوشتارگەی سلێمانی ڕایگەیاند، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین ئاژەڵ بۆ سەربڕین براوەتە کوشتارگە کە 600 سەر ئاژەڵی بچووک ‌و 53 سەر ئاژەڵی گەورە لەکوشتارگەی سلێمانی کراونەتە قوربانی.

نیشتیمان عارف، بەڕێوەبەری ڤێرتەرنەری دهۆک یش ڕایگەیاندووە، لەکوشتارگەی دهۆک یەکەم ڕۆژی جەژن 11 سەر مەڕو حەوت ئاژەڵی گەورە سەر بڕاون، لەبەردەڕەش و ئاکرێ و بجێل بەهەموویان 70 سەر مەڕو بزن‌ و 85  سەر ئاژەڵی گەورە کراونەتە قوربانی.

ئەرسەلان جەلال هۆی کەمیی سەربڕینی ئاژەڵ لە ئەمساڵی جەژنی قوربان ، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خەڵک ڕاستەوخۆ لەو شوێنە ئاژەڵەکە دەکڕێت‌ و سەری دەبڕێت، بەڵام ئەو شوێنە ڕێگە پێدراوی تەندروستیی نییە.