13 حاجیی هەرێمی کوردستان لە مەککە گیانیان سپاردووە

بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعوودییە (وێنە: AP)
بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعوودییە (وێنە: AP)

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 13 حاجیی هەرێمی کوردستان لە مەککە گیانیان سپاردووە و چارەنووسی بەشێکی دیکەشیان نادیارە.

دووشەممە، 17-06-2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە وەرزی حەجی ئەمساڵ، تاوەکو ئێستا 13 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چووبوونەوە سعوودییە، گیانیان سپاردووە.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان باسی کرد، هەموو ئەو حاجییانەی گیانیان سپاردووە بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتیان بۆ سعوودییە کردووە و بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە نەچوونە.

کاروان ستوونی ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژی شەممەوە، 15-06-2024، ژمارەیەک حاجی کە بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتیان بۆ سعوودییە کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، "بێ وەڵام و بێ سەروشوێنن".

هاوکات ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هۆی مردنی زۆرینەی ئەو حاجییانە ماندووبوون بووە و تیمی پزیکشی تایبەتیان لەگەڵ نەبوووە بۆ ئەوەی چارەیان بکەن، چونکە بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە نەچوون. بەشێکیان بەو گەرمایەی ئێستا لە مەککە هەیە، لە شاخ ماونەتەوە و دۆخی تەندروستییان تێکچووە، بۆیە مردوون".

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان چەندین جار هۆشداری بەو کۆمپانیانەی حەج و عومرە داوە کە بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، خۆیان بەدوور بگرن لە بردنی هاووڵاتیان بۆ حەج بە ڤیزای ساڵیی یاخود ڤیزای عەمرە و فیزەی گەشتکردن و بازرگانیی.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو، هەر هاووڵاتییەک بە هەر ڤیزای دیکە، بە شێوەیەکی نافەرمی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بچێتە سعوودییە، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی چەندین کێشەی یاسایی دەبنەوە.

پێشتریش شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئەوانەی ڤیزای یەک ساڵی بۆ سعوودیە وەردەگرن و دەچنە حەج، مەترسی دەخەنە سەر خۆیان و ڤیزاکەیان نا شەرعی و نا یاساییە.

ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی وڵاتی سعوودییەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە حەج .

بە گوتەی کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە 20ـی حوزەیرانەوە ئەو حاجییانەی لە ڕێگەی وشکانییەوە چوونەتە حەج، بەپێی خشتەیەکی تایبەت دەگەڕێندرێنەوە.