لە کابینەی نۆیەمدا بڕیاری دروستکردنی 41 پۆند دراوە

پرۆژەی پۆندی پریسـی خواروو لە هەڵەبجە
پرۆژەی پۆندی پریسـی خواروو لە هەڵەبجە

بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، کابینەی نۆیەم لە دەستپێکی دەست بەکاربوونییەوە ڕێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی سامانی ئاوی هەرێمی کوردستان گرتووەتە بەر. لە کابینەی نۆیەمدا ڕەزامەندیی لەسەر دروستکردنی 41 پۆند بە سێ قۆناغ دراوە کە کۆی گشتیی تێچووی دروستکردنیان زیاتر لە 27 ملیار دینارە.

دەرهاویشتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا کەمبوونەوەی ئاوی پاک ئاڵنگاری جیهانیی ئەمڕۆن. بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، کابینەی نۆیەم لە دەستپێکی دەست بەکاربوونیەوە رێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی سامانی ئاوی هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر. یەکێک لەو هەوڵانەی کە کابینەی نۆیەم کە لەبەرچاوە، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر پۆند بوو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی داتاکان، لە کابینەی نۆیەمدا ڕەزامەندیی لەسەر دروستکردنی 41 پۆند بە سێ قۆناغ دراوە، کۆی گشتی تێچووی دروستکردنیان زیاتر لە 27 ملیار دینارە. لە قۆناغی یەکەمدا 20  پۆند دروستکراون و لە قۆناغی دووەمیش ڕەزامەندیی لەسەر 14 پۆند دراوە. لە قۆناغی سێیەمیشدا، ڕەزامەندیی لەسەر دروستکردنی چوار پۆندی دیکە دراوە و هەروەها دەرخستە بۆ دروستکردنی 23 پۆندی دیکە کراوە دوای دەرکردنی ڕەزامەندی، پڕۆژەی دروستکردنیان دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

جگە لەوەی لە کابینەی نۆیەم بە قەبارەی ملیارێک و 600 ملیۆن دینار پۆند نۆژەن کراونەتەوە، زیاتر لە 243 ملیار دیناریش بۆ پڕۆژەی بەنداوەکان تەرخان کراوە.

پۆندەکانی هەرێمی کوردستان لە گوندەکان دروستکراون کە ئامانجی سەرەکییان جگە لە پاراستنی سەرمایەی ئاو، کۆکردنەوەی ئاوی پێویستە بۆ کشتوکاڵ و گەشتیاری. بە گوێرەی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 20 بەنداو و پۆندی دیکە لە قۆناغی دیزاین و تەواوكردندان هەموو پێكەوە 87 ملیۆن و 47 هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە. هەروەها بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان کاریگەری و سوودی ڕاستەوخۆشیان بۆ عێراق دەبێت .