گرووپی دادگای لەشفرۆشانی گۆڤەند CTS دەستگیر کران

گرووپی دەستگیرکراوی دادگای لەشفرۆشانی گۆڤەند
گرووپی دەستگیرکراوی دادگای لەشفرۆشانی گۆڤەند

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، هەرچەند هەوڵی ئەوەیان دابوو خۆیان لەدەست دامەزراوەکانی ئاسایش بزر بکەن، بەڵام گرووپی دادگای لەشفرۆشانی گۆڤەند CTS شوێنیان ئاشکرا کرا و دەستگیر کران.

لە بەرنامەی شوێن پەنجەی ئالان زەندی، کە لە کوردستان24 نیشان درا، ئاماژە بەوە کرا کە گرووپی دادگای لەشفرۆشانی گۆڤەند CTS کاریان خەڵەتاندن و هەڕەشەکردن بووە لە سەدان ئافرەت و کچ و کوڕ، وێنە و ڤیدیۆکانیان بڵاو کردووەتەوە، هاوکات هەڕەشەیان لە هەزاران کەس کردووە و پارەی زۆریان لێیان سەندووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو باندە لەڕێگەی تيلیگرام چەند گرووپێکی سەد هەزاری و دووسەد هەزاری ئەندامی هەیە، هاوکات چەندین گرووپی دیکەی سی هەزار ئەندامی و چل هەزار ئەندامی هەیە بەناوی (دادگای لەشفرۆشانی گۆڤەند CTS و میک میک چەند ناوێکی دیکە)، لەو ڕێگەیەوە کەوتوونەتە گیانی کچان و ژنان و پیاوان، ئەو دۆسێ و دۆکیومێنتانەی دەکەوتە بەردەستیان، هەڕەشەیان پێ لە خاوەنەکانیان دەکرد  و پارەیان لێ دەسەندن. لەو گرووپانەی کە دروستییان کردوون، سەدان وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی کچان و  کوڕانیان بڵاو کردووەتەوە.

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و پۆلیس و ئاسایش، دەستیان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە کرد و شوێنی گرووپەکەیان دۆزیەوە، هێزەکانی سوات و تاوانەکان و کۆماندۆ، بەشداریی ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و ئەندامانی گرووپەکەیان دەستگیر کرد.

یەک لە تۆمەتبارەکان دەڵێت، من تۆمەتبارم بەوەی کە ئادمینی سەرەکی گۆڤەند CTS بووم، هەڕەشەمان لەزۆر کەس کرد و پارەی زۆرمان لێیان وەرگرت بۆ ئەوەی وێنە و ڤیدیۆیان بڵاو نەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڵاومان دەکردەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی باندەکە چەند نازناوێکی هەبووە وەک گەردەلول، سەرکردە، تۆقێنەر، خاوەنی گرووپی دادگای لەشفرۆشی گۆڤەندCTS بووە، کاری هونەریی بۆ ڤیدیۆ و وێنەکان کردووە بەر لە بڵاوکردنەوە. ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، هەموو مۆبایلەکانی ئەو گرووپە بۆ هەڕەشەکردن لە خەڵک بەکاریان هێناوە، دەستییان بەسەردا گیراوە کە سەدان هەزار وێنە و ڤیدیۆیان لەناودا بووە.

سەرپەرشتیاریی گشتیی خاوەنی دادگای لەشفرۆشی گۆڤەندCTS دانی بەوە دانا کە خاوەنی کەناڵەکانی گۆڤەند CTS بووە، سەرەتا سێ کەس بوونە، دواتر بوونەتە حەوت کەس، دەڵێت، دۆسێی ئەو خەڵکەمان بڵاو دەکردەوە ئەگەر پارەشمان لێیان دەساند، دەشڵێت زۆربەی کەناڵەکانمان لەلایەن ئاسایشی هەولێر سووتێنران، دەشڵێت، گوتی، ئافرەتەکانمان ناچار دەکرد ڤیدیۆی نەشیاومان بۆ بکەن. گوتی: ئەدمینەکانم دەنارد پارەکان وەربگرن.

ئاسایشی هەولێر داوا دەکات هەموو ئەوانەی هەڕەشەیان لێ کراوە، سکاڵا تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان.

تۆمەتبارەکە دەڵێت، ئافرەتەکان دەیانگوت ئەگەر ڤیدیۆکان بڵاو بکەینەوە، یان خۆیان دەکوژن، یاخود تەڵاق دەدرێن، بەڵام گوێمان بەوە نەدەدا.

مەندۆ، یەکێ لە ئەندامە سەرەکییەکانی گرووپەکەیە، دەڵێت، بە هەڕەشە وایان لە من کرد بێمە نێو گرووپەکە، ڕەسمێکی منیان دەست کەوت و بڵاویان کردەوە، بۆیە لەگەڵیان ڕێک کەوتم، من دۆسێم بۆیان ئامادە دەکرد.

ئافرەتێکی قوربانیی دەستی گرووپەکەش دەڵێت، ڤیدیۆی زۆرم کەوتە دەستییان، هەمیشە هەڕەشەیان لێ دەکردم.

موقەدەم ئەردەلان فاتیح، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، هەوڵەکانمان بەردەوام بوونە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ئەوانەی لە سۆشیالمێدیا هەڕەشە لە هاووڵاتیان دەکەن.

دەشڵێت، لە ئەنجامی بەدواداچوون بۆ کەناڵێکی تیلیگرام کە هەڕەشەیان لە هاووڵاتییان کردووە و پارەی زۆریان لە خەڵک وەرگرتووە، توانیمان بیاندۆزینەوە سەرباریی ئەوەی هەوڵی زۆریان داوە خۆیان بشارنەوە.  هەروا گوتی: ئێمە چاودێریی تەواوی پلاتفۆرمەکان دەکەین بۆ ئەوەی نەبنە هەڕەشە لەسەر هاووڵاتییان.