تەرزە باخەوانەکانی شنۆی لە بەرهەمی هاوینە بێهوا کرد

دیمەنی باخەکانی سنووری شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دیمەنی باخەکانی سنووری شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بارینی تەرزە لە گوندەکانی دەوروبەری شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیانێکی زۆری بە جووتیاران و خاوەن باخەکان گەیاندووە. بەری چەند جۆرە میوەیەکی هاوینەی لە ناو بردووە، باخەوانەکانیش چاویان لە دەستی حکوومەتی ئێرانە زیانەکانیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لێزمە تەرزەیەک بۆ ماوەی چەند خولەکێک، شاری شنۆی لە باشووری پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی ساڵێکی باخەوانەکانی هەڵوەراند.

جووتیاران و خاوەن باخەکانی چەندین گوندی شاری شنۆ دەڵێن بەشێکی زۆر لە بەرهەمی میوەی ئەمساڵیان بە هۆی ئەم تەرزەیەوە لەناوچووە.

لەم بارەوە محەممەد ڕەسووڵی، دەڵێت" بە داخەوە یەک دوو ڕۆژ لەمەوپێش تەزرەیەک باری و گشت گوندەکانی دەوروبەری شاری شنۆی گرتەوە و بەروبوومی سێو و گێلاس و قەیسی و خۆخی هەڵوەراند، ئەمەش زیانێکی زۆری لە ئێمە دا، لە کاتێکدا حکوومەت لە پێدانی دەرمانی قڕکەری نەخۆشی و پەین هاوکاریمان ناکات".

سەرەڕای ئەو زیانەی بە بەرهەم باخەکان گەیشتووە، باخەوانەکان گلە و گازندە لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و بە تایبەت جیهادی کشتوکاڵ دەکەن، کە ئامادە نین زیانەکانیان بۆ قەرەبوو بکەنەوە. لە کاتێکدا بەرهەمەکانی ئەم باخانە بیمەیان نییە، قورساییی زیانە سروشتییەکان بە تەواوی دەکەوێتە سەر شانی جووتیاران و باخەوانەکانی ناوچەکە.

بازید سۆهرابی، کە یەکێکی دیکە لەو باخەوانانەی زیانی پێگەیشتووە، دەڵێت: "زیانی بۆ هەموو میوە هاوینەکانی هەبووە و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و فەرمانگەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە کار باخەوانی و جوتیاران هیچ دەستپێشخەرییەکیان نەبووە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت هاوکارییەکی باخەوانەکان بکەن و لە زەرەر و زیانەی کەوتووەتەوە کەم بکەنەوە".

لە ئێران بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیانانەی بە هۆی ڕووداوی سروشتیی وەک تەرزە و لافاو بەر جووتیاران دەکەوێت، سەندووقی بیمەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە و ئەو باخانەش کە بیمە نەکرابن، لە بودجەی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و کۆنترۆڵی قەیرانەوە قەرەبوو دەکرێنەوە. بەڵام ئەم قەرەبوویە زۆر جار جووتیاران و باخدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە.