زانیاریی لەبارەی ئەو گرووپە چەکدارە عێراقییەی ئه‌مه‌ریكا خستییە لیستی "تیرۆر"ـەوە

لۆگۆی "حەرەکەت ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیا"ـی عێراقی
لۆگۆی "حەرەکەت ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیا"ـی عێراقی

ئه‌مه‌ریكا گرووپێكی دیكه‌ی عێراقی به‌ناوی "حەرەکەت ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیا"ی خستە‌ لیستی تیرۆره‌وه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار دەکرێت کە له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت و ده‌ستیان له‌ كوشتنی خۆپیشانده‌ران و هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ‌عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌بووه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین گرووپ و میلیشیای عێراقی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ خراونه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، بەڵام سزاكان نه‌یانتوانیووه‌ وه‌كو پێویست هێز و پشتیوانیی ئه‌و گرووپانه‌ كه‌م بکەنەوە‌. له‌ نوێترین بڕیاریشدا، ئه‌مه‌ریكا بزووتنه‌وه‌ی ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیای عێراقی و ئه‌مینداره‌كه‌ی خسته‌ لیستی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌.

سزاكه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێشتر ئه‌نساروڵڵا به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و زنجیره‌ هێرشانه‌ ڕاگه‌یاندبوو كه‌ كردبوویانه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و سووریا، له‌وانه‌ش ئه‌و هێرشه‌ درۆنییەی له‌ كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ كردیانه‌ سه‌ر تاوه‌ری 22 له‌ ئوردن و به‌هۆیه‌وه‌ سێ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی گیانیان سپارد.

له‌باره‌ی بڕیاری وڵاته‌كه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیا، ئه‌لینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، ناونانی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌نساروڵڵای ئه‌وفیا و ئه‌مینداره‌كه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی، دووپاتكردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیاكان له‌ناوچه‌كه‌دا.

به‌گوێره‌ی پەیمانگای واشنتۆن بۆ توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیا، به‌شێكه‌ له‌ به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی و ئه‌و میلیشیایانه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن، هاوشێوه‌ی كه‌تائیبی حزبوڵڵا، بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با، كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌دا، به‌وه‌ تۆمه‌تبارن به‌رده‌وام هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق و سووریا، خاوه‌نی لیوای 19یه‌ له‌ناو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا.

گرووپی ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیا له‌ ساڵی 2013، وه‌ك هیزێكی سیاسی له‌ پارێزگای میسان به‌ ناوی قه‌واره‌ی سدق و عه‌تا ده‌ستی به‌چالاكی كردووه‌، حه‌یده‌ر ئیبراهیم غه‌ڕاوی ئه‌مینداری گشتیی ئه‌م بزووتنەوەیە و جێگره‌كه‌شی مورته‌زا عه‌لی حه‌موود ساعدییه‌.

ئه‌م بزووتنەوە له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2013 له‌ پارێزگای میسان پله‌ی چواره‌م و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌كه‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌. هه‌روه‌ها له ‌ساڵی 2014 به‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ پارته‌كه‌ی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری عێراق به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیدا كردووه‌.

هاوكات له‌ ساڵی 2014 ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیای وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی ڕاگه‌یاندرا. له‌ ساڵی 2018 له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیی په‌رله‌ماندا كردووه‌.

ئه‌م گرووپه‌ له ‌ساڵی 2019 ده‌ستیان له‌ ڕفاندن و كوشتنی سیمبولی بزوتنه‌وه‌ی تشرینیه‌كان سه‌جاد عێراقی له‌ ناسرییه‌ و عه‌لی جاسب له‌ عه‌مماره‌ هه‌بووه‌. دواجاریش له‌ 18ی حوزه‌یرانی 2024 به‌فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌نساروڵڵا ئه‌وفیا و ئه‌مینداره‌كه‌ی خرایه‌ لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكاوه‌.