چین.. بەهۆی لافاوەوە چوار کەس مردن و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون

لافاو لە ناوچەیەکی باشووری چین
لافاو لە ناوچەیەکی باشووری چین

K24 – هەولێر:

لە چین بەهۆی ڕوودانی لافاوەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش بێسەروشوێن بوون، لە کاتێکدا باکووری وڵاتەکەش شایەدی بەرزترین پلەکانی گەرمایە.

ئەمڕۆ سێشەممە (18ـی حوزەیرانی 2024) مێدیا فەرمییەکانی چین بڵاویان کردووە، دوای بارانبارینێکی بەخووڕ لە ناوچەکانی باشووری چین و دروستبوونی لافاو، لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە دە کەسیش بێسەروشوێن بوون، لەکاتێکدا باکووری وڵاتەکە شایەدی بەرزترین پلەکانی گەرمایە.

ئاژانسی هەواڵی شینهوای فەرمی چین ئاشکرای کردووە، بارانبارینی بەخووڕ لە چین زۆرترین ئاستی مێژوویی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە،  لە هەندێک ناوچەی پارێزگای فوجیان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس.

شینهوا باسی لەوە کرد، زیاتر لە 66 هەزار کەس لە پارێزگاکە بەهۆی ئەو کەشوهەوا نالەبارەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ژێرخانی پەیوەندییەکان و کارەبا بەتەواوی پچڕاوە و چاکنەکراوەتەوە.

لای خۆیەوە شی چینگ پینگ، سەرۆکی چین تیمە فریاگوزارییەکانی ڕاسپارد کە، هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە نائاساییەکان و تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری و ڕزگارکردن ئەو کەسانەی کە گیریان خواردووە.

لەبارەی کەشوهەوای باکووری چین، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەرزترین پلەکانی گەرما بەخۆیەوە دەبینێت، لە پەکین و ناوچەکانی تیانجین و هێبی پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە پلەکانی گەرما بگاتە 39 پلەی سیلیزی.

چین لەمساڵدا بارودۆخی کەشوهەوایەکەی زۆر نالەبارە، بەپێی گوتەی زاناکان گازی گەرمخانەیی کە چین گەورەترین هەناردەکاری جیهانە، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتەکە.