بەدواداچوون بۆ کێشەی دوو خێزانی ئەفغانی نێوان هەولێر و کۆیە دەکرێت

لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، بەدواداچون بۆ کێشە و دۆخی دوو خێزانی ئەفغانی دەکات کە لەلایەن قاچاخچییەوە بەفێڵ و بەشێوەیەکی نا یاسایی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان و بەجێهێڵراون.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکانێکی مرۆڤ دۆستەوە هەواڵی ئەوە بەدەستەی مافی مرۆڤ دراوە کە دوو خێزانی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان لەلایەن قاچاخچیەوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستان بەو فێڵەی بیانبات بۆ وڵاتی تورکیا، بەڵام لە کوردستان جێهێڵراون.

دەستەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا ئەو دوو خێزانە چەند ڕۆژێکە لەمزگەوتێکی نێوان هەولێرو کۆیە ماونەتەوەو ڕێگەیان پێ نادرێ بۆ هیچ شوێنێک بچن، لەگەڵ ئەوەشدا لەبارودۆخێکی خراپ دان و منداڵی بچووکیان لەگەڵەو داوای بەهاناوە هاتن دەکەن.

ئاشکرای دەکەن کە، بۆ ئەو مەبەستە لەسەر فەرمانی سەرۆکی دەستە مونا یاقۆ، تیمەکانی دەستە لەهەولێر و کۆیە ڕاسپێردران بۆ بەدواداچوون و قسە کردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری ئیداری ناوچەکە، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی یاسایی بەپێی ڕێکەوتنامەو بنەماکانی مافی مرۆڤ، بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ هاوڵاتیانی بیانیی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکەیان و گەیاندنیان بۆ شوێنێکی شیاو و ئارام .

ئاماژە بەوە دەکەن،  دوای ئەوەی پەیامەکایان پێ ڕاگەیەندرا، پارێزگاری هەولێر بڕیاری دا خۆیان چارەسەری ئەو بابەتە بکەن و بەدواداچوون بکەن و ڕێکاری ئیداری و یاسایی بگرنە بەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی بۆ کێشەی ئەو دوو خێزانە.

لە ئێستاشدا تیمی نوسینگەی کۆیەی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی ئەو خێزانانەیان کردووە بۆ ئەوەی لەنزیکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش ڕایدەگەیەنێت، دەزگاکانی حکومەت و ئیداری لەشاری هەولێر هەرچی زووە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کەیسە دەدۆزنەوەو  ژیانی ئەو خێزانانە پارێزراو دەبێت، هاوکات  لەنزیکەوە چاودێری کەیسەکە دەکەن.