ڕەحیم دەراجی:دەمانەوێت هەرێمێکی وەکو هەرێمی کوردستانمان هەبێت

ڕەحیم دەراجی،سەرۆکی بزووتنەوەی کەفا
ڕەحیم دەراجی،سەرۆکی بزووتنەوەی کەفا

سەرۆکی بزووتنەوەی کەفا  ئاشکرای دەکات، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیووە خزمەتگوزاریی پێشکەش بە خەڵکی عێراق بکەن، بۆیە داوای هەرێمێکی وەکو هەرێمی کوردستان دەکەین.

سێشەممە (18ـی حوزەیرانی 2024)، ڕەحیم دەراجی، سەرۆکی بزووتنەوەی کەفا(بەسسە) لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات، لەبارەی کەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کەمیی خزمەتگوزاریی کەڵەکەبوونی شکستەکانی حکوومەتەکانی عێراقە، گوتی، حکوومەتەکانی عێراق شکستیان لە بەڕێوەبردنی وڵات هێناوە و هاووڵاتیی عێراقی سەرباری ئەو بودجە زۆرەی هەیەتی، ئاوی پاکی خواردنەوەیان نییە، جگە لە نەبوونی نەخۆشخانە و قوتابخانە و شەقام و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

دەراجی ئاشکرای کرد، سامانی نەوت کە عێراق پشتی پێ بەستووە، هیچ بەرهەمێکی لێ نابینین کە لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقدا بێت، گوتی، ئەو بودجەیە دەچێتە گیرفانی گەندەڵەکان و دزەکان، نۆ هەزار پرۆژە ئیمزا کراوە، زۆرینەی هەرە زۆری ڕاست نین.

ڕەحیم دەراجی دەڵێت، ئێمە پێویستمان بە دادوەرێکە نوێنەرایەتی خەڵکی عێراق بکات، بەڵام دادوەرێکی نیشتیمانی عێراقیمان دەست ناکەوێت، عێراق ناڵە ناڵێتی بەدەست نەخۆشی و دواکەوتوویی و داب و نەریتە کۆن و دواکەوتووەکان، دەشڵێت، ئەوە نەزانیی زۆریی لەنێو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە، قوتابخانە و زانکۆکان بڕوانامەکان بۆ خەڵکیی ساختە دەکەن.

دەراجی گوتی، لەگەڵ ئەو هەموو بودجە گەورانەی عێراق تێێپەڕاندووە، هیچ پرۆژەیەکمان نییە، خوێ لە دەرەوەی وڵات دەهێنین، وەزارەتی پلاندانان قەرز دەکات، ئەگەر بەرواردی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەین، هیچ لێکچوونێک نابینین، بەڵام هەرێمی کوردستان زۆر پێشکەوتووە، پەرلەمان و حکوومەتی هەیە، نوێنەرایەتیی و باڵیۆزخانەکانی لە کوردستان هەن و پێشکەوتنەکانی دیکەش زۆرن و باس ناکرێن.

گوتی، دەمانەوێت هەرێمێکی وەکو هەرێمی کوردستانمان هەبێت، بارودۆخمان وەکو ئەوان بێت، کە باسی جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین، دەڵێن ئێوە داوای دابەشکردنی عێراق دەکەن، بەڵام دروستکردنی ئەو هەرێمانە ڕێگریی لە گەندەڵکاران دەکات، بە هەرێمکردنی پارێزگاکان پرسێکی دەستوورییە و لەسەری سوورین، دەشڵێت، ئەوەی هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە، پارێزگاکانی دیکەی عێراق ناتوانن بەدەستی بهێنن.

دەشڵێت، دەستبەرداری ئەو پرسە نابین کە دەستوور ڕێگەی پێداوە، تەواوی عێراق پێکهاتەی جیاوازی تێدایە، دەمانەوێت وەک هەرێمی کوردستان بین، چونکە ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە لە هەموو ڕووێکەوە، هەر بۆیە زۆرینەی خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دێنە ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان.