ئێران.. گیانی تووشبووانی شەکرە لە مەترسیدایە

بەکارهێنانی دەرزی ئەنسۆلین بۆ تووشبووێکی شەکرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەکارهێنانی دەرزی ئەنسۆلین بۆ تووشبووێکی شەکرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کەمبوونی دەرمانی نەخۆشیی شەکرە لە ئێران گیانی تووشبووانی ئەم نەخۆشییەی ڕووبەرووی مەترسی کردووەتەوە و بەشێک لە دەرمانەکانی چارەکردنی ئەو نەخۆشییە لە بازاڕی ئازاد بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن.

کەمبوونی دەرمانی نەخۆشیی شەکرە لە دەرمانخانەکانی ئێران بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ تووشبووانی ئەم نەخۆشییە و هەڕەشە لە ژیان و مانیان دەکات.

ڕۆژنامەی هەم میهەن نووسیویەتی لە تاران تەنیا چەند دەرمانخانەیەک دەرزی ئەنسۆلینیان هەیە و نەخۆشەکان لە سەرانسەری ئەم شارەوە دەبێ سەردانی ئەو چەند دەرمانخانەیە بکەن.

قەیرانەکە لە شارەکانی دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەر بەم شێوەیەیە و ئەنسۆلین و دەرمانەکانی دیکەی نەخۆشیی شەکرە دەگمەن بوون و بە کەمی دەست دەکەون.

کارمەندێکی دەرمانخانە دەڵێ" ئەنسۆلین بووەتە دەرمانێکی دەگمەن و هۆکارەکەشی ئەوەیە، چونکە لە دەرمانە هاوردەکراوەکانە و زۆرجارە بە هۆکاری جیاوازەوە کە هاوردەش دەکرێت لە ناوخۆی ئێران لە شێوازی دابەشکردنی بە سەر پاڕێزگاکاندا کەموکوڕی ڕوودەدات، ئەمەش وایکردووە تەواوی نەخۆشانی تووشبووی شەکردە تووشی کێشە ببنەوە و بەشێک لەو نەخۆشانەی توانای کڕینی ئەنسولینیان نابێت، لە نەخۆشخانەکان دەخەوێندرێن و هەندێکجاریش بەهۆی نەبوونی ئەنسۆلینەوە نەخۆشەکان دەمرن"

ئەنسۆلین بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە وەک ئۆکسجین وایە بەردەستبوونی بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان زۆر گرینگە. تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک دەبێ رۆژانە ئەنسۆلین بەکار بێنن و ئەگەر بە بەردەوامی ئەنسۆلین بەکارنەهێنن ڕەنگە تووشی لەهۆشچوون، کۆما، کوێربوون یا کێشەی خوێنگەیاندن بە قاچ و لە ئانجامدا بڕینەوەی قاچەکانیان بن هەر بۆیە کەمبوونەوەی ئەنسۆلین لە دەرمانخانەکان هەڕەشە لە ژیانی ئەم نەخۆشانە دەکات.

قوتابییەکی زانکۆ کە تووشبووی نەخۆشی شەکرەیە دەڵێ"من تووشی نەخۆشی شەکرەم لە جۆری یەکەم و بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەم و چارەکردنی دەرزی ئەنسۆلین بەکار دەهێنم بەڵام لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان زۆر کەم و دەگمەن بە دەست دەکەوێت و نرخەکەشی زۆر بەرزە ئەمەش لە توانای منی قوتابی زانکۆ نییە بتوانم بە بڕە پارەیەکی زۆر ئەم دەرمانە بەدەست بێنم"

تووشبووانی شەکرە جیا لە ئەنسۆلین پێویستیان بە ئامێری تاقیکردنەوەی شەکرە و دەرزیی تایبەتی تاقیکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام لە ئاستی شەکرەی خوێنیان ئاداگار بن بەڵام ئەم ئامێرانە و دەرزیی خوێنوەرگرتنی ئامێرەکەش لە ئێران زۆر بە دەگمەن دەست دەکەون. هەر بۆیە ئەم تووشبووانە بۆ زانینی ئاستی شەکرەی خوێنیان لە ئامێری دیکە کەڵک وەردەگرن کە تێچوویەکی زۆری بۆیان هەیە.