ڕۆژگار جەعفەر: 29ـی ئەم مانگە دوا کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان

ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ سعودییە
ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ سعودییە

K24 – هەولێر:

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ سعودییە، دەڵێت: تا ئێستە نزیکەی 14 بۆ 15 حاجی  هەرێمی کوردستان گیانیان سپاردووە و ئەگەر کەسوکاریان ڕازی بن، لە خاکی سعودییە بە خاکیان دەسپێرین.

ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ سعودییە، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، لە دوێنێوە مەراسیمەکانی حەج لە شاری مەککە کۆتایی هاتووە و سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەشداریان لە مەراسیمەکان کرد ئێستە بوونەتە حاجی و بارودۆخیان زۆر باشە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ سعودییە، ڕایگەیاند، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەکردنی کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی کە بە ڤیزای ساڵی گەشتیان بۆ سعودییە کردووە، هەروەها جەنابیان هەمیشە ئێمەی ڕاسپاردووە کە بەدواداچوون بۆ دۆخی حاجییان بکەین".

ناوبراو ئاشکرای کرد، چەندین جار هاووڵاتییانمان ئاگادار کردووە کە بە ڤیزای یەک ساڵی گەشت بۆ سعودییە نەکەن، بەڵام ئەوان گوێیان بۆ ئێمە نەگرت و سەرکێشییان بە ژیانی خۆیان کرد و تووشی چەندین کێشە بوونەوە. هاوکات لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون و گەڕانمان دەست پێ کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی بزر بوونە.

ڕۆژگار جەعفەر، لەبارەی ژمارەی گیانسپاردنی حاجییانی کورد لە سعودییە، گوتی: تا ئێستە نزیکەی 14 بۆ 15 حاجی گیانیان سپاردووە و ئەگەر کەسوکاریان ڕازی بن، لە خاکی سعودییە بە خاکیان دەسپێرین، ئەگەریش ڕازی نەبوون، تەرمەکانیان دەگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هاوکات، لەبارەی گەڕانەوەی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەموو ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان کراوە، یەکەم کاروانی حاجییان لە ڕێگەی وشکانییەوە ڕۆژی شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێدەکەون بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕۆژی دووشەممە 24ـی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان بە فڕۆکە، کاتژمێر 9 و 15 خولەکی بەیانی دەگەڕێنەوە بۆ هەولێر، هەروەها کاتژمێر 12ـی شەو هەمان ڕێککەوت، کاروانی دووەم دەگاتە سلێمانی. گوتیشی: 29ـی ئەم مانگە دوا کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.