پارێزگای هەولێر: پلانەکانی جەژن بەسەرکەوتوویی جێبەجێکران

بۆ ئەم جەژنە 117 هەزار و 421 گەشتیار هاتوونەتە هەولێر
پارێزگای هەولێر
پارێزگای هەولێر

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕاپۆرتی پلانەکانی هەر چوار ڕۆژەکەی جەژنی قوربانی بڵاوکردوە و ئاماژەیداوە پلانەکان لە تەواوی سێکتەرەکان بەسەرکەوتوویی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، لەم جەژنە 117 هەزار و 421 گەشتیار بۆ بەسەر بردنی پشووەکان و کاتێکی خۆش هاتوونەتە هەولێر و سەردانی سەیرانگە و شوێنە گەشتییارییەکانیان کردووە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

هەروەها لە کۆی 54 تاوانی تۆمارکراوی چوار ڕۆژەکەی جەژنی قوربان، 51 تاوانیان ئاشکراکراون و یەکێک لە تاوانەکانیش لە لێکۆڵینەوەدایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هاتووچۆش تەنیا سێ ڕووداو تۆمارکراوە کە تەنیا زیانی ماددی هەبووە، هەر لە چوار ڕۆژەکەی جەژنی قورباندا 29 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی پلانی تەندروستی لە ڕۆژانی جەژن سێ هەزار 263 نەخۆش سەردانى ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە، هاوکات  154 منداڵیش لە هەردوو ڕەگەز لەدایکبوون.

لە هەر چوار ڕۆژەکەی جەژندا، لە کوشتارگەی هەولێر هەزار و 28 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک کراوەتە قوربانی و کۆی گوشتەکەیان 71 هەزار 257 کیلۆ بووە.

ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژن لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-

پلانی گەشتوگوزار

"لەم جەژنە 117 هەزار و 421 گەشتیار هاتوونەتە هەولێر"

پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەوانە دانانی لیژنەی تایبەتی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆن بەسەر گرووپە و گەشتیاران و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان.

ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە 117 هەزار و 421 گەشتیار.

پلانی ئاسایشی هەولێر

بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکراوە و بۆ هەرحاڵەتێکی  پێویستیش، سەرجەم هێزەکانیان لە ئەرک دابوونە.

پلانی گشتیی ئەمنی

"54 تاوان تۆمارکراوە و 51 تاوان ئاشکراکراوە"

"سێ ڕووداوی هاتووچۆ تۆمارکراوە"

"29 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە"

پلانی پۆلیس

سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لەڕۆژان جەژن، لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکراوە، لە ڕۆژانی جەژن 54 تاوان تۆمارکراوە، 51 تاوان ئاشکراکراوە، 1 تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە. 

پلانی هاتووچۆ

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەک خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەماوەی ڕۆژانی جەژن 3 ڕووداوی هاتووچۆ ڕویداووە و تەنها زیانی مادی لێکەوتۆتەوە.

پلانی بەرگری شارستانی

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا 29 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، کە 22 حاڵەتیان سووتانی پووش و پاوان بووە و حاڵەتەکانی تریش 3 ئۆتۆمبێل و 3 خانوو و 1 دوکان بووە، سەرجەمیان لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

پلانی کەرتی تەندروستى

"154 منداڵ لە هەردوو ڕەگەز لە دایکبوونە"

لەڕۆژانی جەژن تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە ئەرک دابوونە، 3263 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، 154 منداڵ لە هەردوو ڕەگەز لە دایک بوونە و 222 نەشتەرگەرى گەورە و بچووک ئەنجامدراوە.

پلانی شارەوانی

" هەزار و 90 تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە"

سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوونە و لەو ڕۆژانەشدا 1090 تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.

پلانی کوشتارگە

"هەزار و 28 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک کراوەتە قوربانی"

"71 هەزار 257 کیلۆ گۆشت دابەشکراوە"

لەماوەی چوار ڕۆژی جەژن، لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر 269 ئاژەڵی گەورە و 759 ئاژەڵی بچووک کراوەتە قوربانی، ئاژەڵە گەورەکان 53 هەزار و 800 کیلۆگرام بوونە و ئاژەڵە بچووکەکانیش 17 هەزار و 457 کیلۆگرام بوونە.