کوردستان24 ناو و زانیاریی ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە کە لە سعوودییە گیانیان سپاردووە

ژماریەک حاجی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە (ئەرشیف)
ژماریەک حاجی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە (ئەرشیف)

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەڵێت، 19 حاجیی هەرێمی کوردستان لە وەرزی ئەمساڵی حەجدا گیانیان سپاردووە و 15 حاجیی دیکەش چارەنووسیان نادیارە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامن. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-06-2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "19 حاجیی هەرێمی کوردستان لە وەرزی ئەمساڵی حەجدا، لە وڵاتی سعوودییە گیانیان سپاردووە. لەو ژمارەیە، 18ـیان لە ڕێگەی ڤیزای گەشتیاریی یەک ساڵەوە فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە و تەنها یەکێکیان بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە چووبووە مەککە و مەدینە".

کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی حاجییان دەکات و سەرپەرشتیی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمەکانیان لە گۆڕستانی "بەقیع"ـی شاری مەدینە دەکات.

ناو و زانیاریی ئەو 19 حاجییەی هەرێمی کوردستان کە لە سعوودییە گیانیان سپاردووە:

ژمارە ناوی حاجی  شوێنی نیشتەجێبوون
1 حاجییە ڕازییە پارێزگای هەولێر
2 هەمین قادر پارێزگای هەولێر
3 خەولا عوسمان خەلەف بنەسڵاوە - هەولێر
4 بەیان سەعدی عەلی پارێزگای هەولێر
5 ڕووناک مەعروف قادر ناوچەی زرارەتی - هەولێر
6 خیار غەفوور گەزنەیی سۆران - هەولێر
7 نەزیر تاهیر  پارێزگای هەولێر
8 حەمە حەسەن عەبدوڵڵا -
9 ئەحمەد باڵەکی -
10 زینەت ڕەشید قادر پارێزگای سلێمانی
11 سافییە حەسەن -
12 سوعاد حەمە عەبدولڕەحمان ڕانییە - ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین
13 حەمید ڕەحیم موختار ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان
14 عەبدولجەبار عەبدوڵڵا -
15 محەممەد فارس قەزای بەردەڕەش - دهۆک
16 خورشید فەرەخ ئەمین -
17 لەنجەواز عوسمان سەعدی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
18 ئاسیا عەلی قەزای بەردەڕەش -  دهۆک
19 ئەحمەد غەفوور محەممەد پارێزگای هەڵەبجە

 

لەبارەی ئەو حاجییانەی ونبوون، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ئێمە بەردەوام لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتی سعوودییە لەسەر هێڵین بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەو 15 حاجییەی تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە". ڕوونیشی کردەوە، زۆرینەی ئەو حاجییانەی ونبوون، "بە شێوەیەکی نافەرمی چوونەتە سعوودییە، نەک لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە".

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 22-6-2024 بە ڕێگەی وشکانی، لە شاری "مەککەی پیرۆزەوە" بەڕێ دەکەون. گوتیشی، "یەکەم کاروانی حاجییان بە ڕێگەی ئاسمانی لە ڕۆژی 24-6-2024 لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان".

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.