مارک ڕوته پۆستی سکرتێری گشتیی ناتۆ مسۆگه‌ر ده‌كات
سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی هۆڵەندا دوای كشانه‌وه‌ی ڕكابه‌ره‌كه‌ی، توانی پۆستی سکرتێری گشتیی داهاتووی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه 20ـی حوزه‌یرانی 2024، مارک ڕوته، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی هۆڵەندا، لە قۆناغێکی زۆر گرنگدا پۆستی سکرتێری گشتی داهاتووی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ـی بۆ هاوپەیمانیەکە مسۆگەر کرد، ئەوەش دوای کشانەوەی کلاوس ئیۆهانیس، سەرۆکی ڕۆمانیا كه تاكه ڕكابه‌ری بوو.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا 32 ئەندامی هاوپەیمانییەکە بە فەرمی مارک ڕوته وه‌ك سكرتێری گشتیی ڕێكخراوه‌كه بناسێنن. بڕیاریشه له تشرینی یه‌كه‌می داهاتوودا له شوێنی یانس ستۆڵتنبێرگ ده‌ست به كار بێت.
چاودێران پێیان وایه، ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ڕوته لە قۆناغێکی مەترسیداردایە بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی ڕۆژئاوایی، به‌تایبه‌تی به‌هۆی بەردەوامی جه‌نگیی ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئه‌مه‌ریكا و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات.
دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی ناتۆ ڕایانگەیاندووه، پێشبینی ده‌كرێت هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی باڵیۆزەکانی وڵاتانی ناتۆ به‌ڕێوه بچێت بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردنی ڕوته بۆ وه‌رگرتنی پۆسته نوێیه‌كه‌ی.