ئێران لە گواستنەوەی چەك و شەڕكەر بۆ سووریا بەردەوامە

كۆمپانیای فڕۆكەوانی ماھان ئەم ئەركەی گرتووەتە ئەستۆ

بە گوێرەی زانیارییەكانی راپۆرتێكی ئەمریكی كە گۆڤاری (فۆڕبس) بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیا فڕۆكەوانی (ماھان)، كە كۆمپانیایەكی گواستنەوەی مەدەنی ئێرانی نزیك لە(  پاسەوانی شۆڕش)ـە، لە گەشتە نھێنییەكانی خۆی بۆ سووریا بەردەوامە.

لە راپۆرتەكەدا ھاتووە، كۆمپانیای ماھانی ئێرانی بە بەكارھێنانی ژمارەی ساختە بۆ گەشتەكانی، ھەروەھا بەناوی خەڵكی سڤیل، تا ئێستا و بەردەوام، چەك و شەڕكەر بۆ دیمەشق دەگوازێتەوە.

لەكاتێكدا ئێران سەرقاڵی كڕینی 500 فڕۆكەی مەدەنییە و ھەوڵی ئەنجامدانی دەستەوارە ( صفقة)ی گەورەتریشە لەم بارەیەوە. راپۆرتەكە ھۆشداری دەداتە لایەنە بەرپرسەكان، لەوەی تاران ھەوڵ دەدات رێككەوتنی ئەتۆمی لە پێناو ھەندێ ئامانجی دیكە بقۆزێتەوە، كە دوور نییە دڵەڕاوكێی نێودەوڵەتی بوروژێنن.

بە گوێرەی راپۆرتەكە، ئێران " بەردەوام وەك توندترین و دیارترین دەوڵەتی داڵدەدەری تیرۆر دەمێنێتەوە لە جیھاندا"  و جەخت لەسەر ئەوە دەكات، ئێران لە ریزبەندی ئەو 149 وڵاتە دایە كە  پێنوێنی بازل بۆ سپیكردنەوەی پارە لە ساڵی 2016، لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاوی كردووەتەوە. پێنوێنی بازل، مەترسییەكانی سپیكردنەوەی پارە و كۆمەككردنی تیرۆر لە وڵاتان ھەڵدەسەنگێنێ.