ئێران بە لێزەمەباران و هەورەبروسکە پێشوازیی لە هاوین دەکات
ئاژانسی فەرمی ئێران لە زاری شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ دۆخی کەشوهەوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردووتەوە و پێشبینی دەکرێت باران و هەورەبروسکە 13 پارێزگا بگرێتەوە و لە هەشت پارێزگاش هۆشداری لە هەستانی لافاو دەدات.
کوبرا ڕەفیعی، شارەزا لە بواری کەشوهەوا پێشبینی کردووە، ئەمڕۆ شەممە، لێزمە باران و هەورە بروسکە لەگەڵ ڕەشەبا 13 پارێزگای باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران بگرێتەوە.
هەروەها ناوەندی کەشناسی لە بارەی پێشبینییەکان هۆشداری داوە کە بە درێژایی زنجیرە چیای ئەلبورز لە بەشێکی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە درێژایی کەناراوەکانی دەریاچەی قەزوێن ڕاگەیاندووە کە ئەگەری هەستانی لافاو لە چەند ناوچەیەک هەیە.
سەبارەت بە پێشبینییەکانی سبەینێ، یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج پارێزگای ئێران ئەگەری لێزمە بارانی پچڕ پچڕ و هەورە بروسکە هەیە، بەڵام بۆ دووشەممە پێشبینی دەکرێت لە باکووری ڕۆژئاوا و زنجیرە چیای ئەلبۆرز و کەناراوەکانی دەریاچەی قەزوێن بارانێکی بەردەوام ببارێت.
هەروەها پێشبنی دەکرێت لە پێنج ڕۆژی داهاتوودا بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران تا ڕادەیەک شەپۆلێکی خۆڵبارین چەند ناوچە بگرێتەوە و پلەکانی گەرماش دابەزێت.
لەلایەن خۆیەوە ناوەندی کەشناسی ئێران بەرزترین گەرمای پێشبینی کراوی بۆ پارێزگای ئەهواز دیاریکردووە کە 50 پلەی سیلیزی بێت و نزمترین پلەش لە سنووری پارێزگای ئەردەبیل دیاری کراوە لە 11 پلەی سیلیزی بێت.