بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار: دۆخی تەندروستیی حاجییەکەی سلێمانی جێگیرە

دکتۆر خوزەییەر خەلەف، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار
دکتۆر خوزەییەر خەلەف، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار

K24 – ڕوومادی:

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار، ئاماژەی بەوەدا، پزیشکی پسپۆر لە نەخۆشخانەکە ئامادەن و چارەسەری پێویست بۆ حاجییەکەی سلێمانی دەکەن کە پاسەکەیان تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ ببوو.

دکتۆر خوزەییەر خەلەف، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار، بە پەیمانێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە نەخۆشخانەی گشتیی ڕوومادی شیرن ڕەزا چارەسەریی پزیشکی وەردەگرێت و ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیرە.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار، ئاماژەی بەوە دا، پزیشکی پسپۆر لێرە ئامادەن و ئێستا پشکنین بۆ حاجییەکەی سلێمانی دەکرێت و خۆشبەختانە پێویستی بە نەشتەرگەری نییە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، حاجییەکە تەنیا چەند شوێنێکی لەشی بریندرا بووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا برینەکانی سووکن و مەترسیدار نین.

دکتۆر خوزەییەر خەلەف، گوتی: چوار حاجییەکەی دیکە بەر لەوەی بگەیەندرێنە نەخۆشخانە کۆچی دواییان کردبوو، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی تەرمەکانیان ڕەوانەی سلێمانی بکرێنەوە.

پێشینوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024) چوار حاجیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان، لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕوومادییەوە بۆ سلێمانی، گیانیان سپارد و حاجییەکی دیکە، بە ناوی "شیرین ڕەزا عابد" بریندار بوو.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر پێنج حاجییەکە دانیشتووی شاری سلێمانی بوون و ئۆتۆمبێلەکەیان بەهۆی تەقینی تایەیەکی وەرگەڕاوە. ڕوونیشی کردەوە، حاجییەکان بە ڤیزای گەشتیاریی چوونەتە سعوودییە، نەک لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە.