وەزارەتی بازرگانیی عێراق: لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر مافی جووتیاران دەدەین

گەنم
گەنم

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر مافی هەموو ئەو جووتیارانە دەدەن کە گەنمەکانیان ڕادەست دەکەن و دەگەنە وەزارەتی بازرگانیی.

شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024)، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، بە ڕاسپاردەکانی هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، لەگەڵ ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانیی، هەموو ئەو بڕە گەنمە لە جووتیاران وەردەگیرێت کە دیاریکراوە، بۆ ئاسانکاریی زیاتریش بۆ جووتیاران، لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای ڕادەستکردنی گەنمەکانیان، مافی جووتیاران دەدرێت.

بەپێی زانیارییەکان، هەر جووتیارێک کە گەنمەکەی ڕادەستی سایلۆ دەکات، نموونەی گەنمەکەی دەنێردرێتە تاقیگە، پاش دەرچوونی لە تاقیگە، پسوولەیەک دەدرێ بە جووتیارەکە بیباتە یەکەی ژمێریاریی بۆ ئەوەی پارەکەی بۆ خەرج بکرێت, هەروەها ڕۆژانە  بەپێی ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەرخانکراوە، بڕە پارەی گەنمی جووتیاران ڕاستەوخۆ دەنێردرێت بۆ هەر شوێنێکی پارێزگاکە.

ئەو بەڕێوەبڕی گشتییە ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزارەتی بازرگانیی چەندین ئاسانکاریی کردووە، لەوانە کەمکردنەوەی ڕێژەی کێشی دیاریکراو، کە یەکێکە لە مەرجەکانی وەرگرتنی گەنم لە تاقیگەکاندا، لە 74 بۆ 72  بە ڕەچاوکردنی دۆخی جوتیاران، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەندێک کێڵگە بەهۆی بارانەوە زیانیان بەرکەوتووە."