پارێزگاری ئەنبار: هۆکاری ڕووداوەکەی پاسی حاجییان بۆ ماندووبوونی شۆفێرەکە دەگەڕێتەوە

 محەممەد نووری، پارێزگاری ئەنبار
 محەممەد نووری، پارێزگاری ئەنبار

K24 – ئەنبار:

پارێزگاری ئەنبار ڕایگەیاند، تەرمی حاجییەکان ڕەوانەی سلێمانی کران و ئافرەتێک لە ڕووداوەکە برینداربووە و لە نەخۆشخانەی رومادی لە ژێر چاودێری چڕدایە و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێنرێتەوە سلێمانی.

ئەمڕۆ شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024)  محەممەد نووری، پارێزگاری ئەنبار تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: هۆکاری ڕووداوەکە بۆ ماندووبوونی شوفێرەکە دەگەڕێتەوە، ئۆتۆمبێلکەی لەدەست دەرچووە و ئەم ڕووداوەی لێ کەوتووەتەوە.

پارێزگاری ئەنبار، ئاماژەی بەوە دا، ڕووداوەکە لەسەر رێگەی نێوەدەوڵەتیی ڕوومادی بووە، پۆلیس و بەڕێوەبەری تەندروستی روومادی ئامادەن و پێداویستی گواستنەوەی قوربانییان ئامادە کراوە و بە یاوەری شاندێکی پزیشکی دەنێردرێنە سلێمانی.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئافرەتێک لە نەخۆشانە ماوە و لە ژێر چاودێری چڕدایە، بەدواداچوون بۆ چاودێریکردنی دەکەین، دوای چاکبوونەوەی بۆ لای کەسوکارەکەی دەینێرینەوە، بارودۆخکەی جێگیرە بەڵام پێویستی بە پشووە تا دەگەڕێتەوە سلێمانی

هەر ئەمڕۆ دکتۆر خوزەییەر خەلەف، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار، بە پەیمانێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە نەخۆشخانەی گشتیی ڕوومادی شیرن ڕەزا چارەسەریی پزیشکی وەردەگرێت و ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیرە.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار، ئاماژەی بەوە دا، پزیشکی پسپۆر لێرە ئامادەن و ئێستا پشکنین بۆ حاجییەکەی سلێمانی دەکرێت و خۆشبەختانە پێویستی بە نەشتەرگەری نییە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، حاجییەکە تەنیا چەند شوێنێکی لەشی بریندرا بووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا برینەکانی سووکن و مەترسیدار نین.

پێشینوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024) چوار حاجیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان، لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕوومادییەوە بۆ سلێمانی، گیانیان سپارد و حاجییەکی دیکە، بە ناوی "شیرین ڕەزا عابد" بریندار بوو.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر پێنج حاجییەکە دانیشتووی شاری سلێمانی بوون و ئۆتۆمبێلەکەیان بەهۆی تەقینی تایەیەکی وەرگەڕاوە. ڕوونیشی کردەوە، حاجییەکان بە ڤیزای گەشتیاریی چوونەتە سعوودییە، نەک لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە.