مایڵز کاگینز: هەرێمی کوردستان ڕازییە نەوتەکەی لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان( ئەپیکور)
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان( ئەپیکور)

گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ئاشکرای دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕازییە بەوەی نەوتەکەی لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت.

شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024)، مایڵز کاگینز گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکۆر دەیانەوێت لەڕێگەی سۆمۆوە نەوت بفرۆشنەوە، ئەوەش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشنیاز کراوە، دەشڵێت، ئەو نەوتەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێندرێت، لەڕێگەی بۆری جەیهانەوە هەناردە دەکرێت، ئێمەش پێشنیاز دەکەین ئەو نەوتە لەلایەن سۆمۆوە بفرۆشرێتەوە.

مایڵز کاگینز گوتی، فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی پارەی کۆمپانیاکانی نەوت ڕاستەخۆ وەربگیرێت، چونکە پێشتر کۆمپانیاکانی نەوت پارەکانیان دوا دەکەوت، گوتیشی، کۆمپانیاکان و هەرێمی کوردستان ڕازین بەوەی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت.

لە گفتوگۆ سێ قۆڵییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، عێراق هیچ پێشنیازێکیان نەخستووەتە ڕوو، مایڵز کاگینز ئاشکرای کرد کە، ئەوان فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆ بە باشترین پێشنیاز دەزانن، دەڵێت، حکوومەتی عێراق هەمیشە پێی وابووە کە خۆیان بە تەنها دەتوانن نەوت بفرۆشن، کۆمپانیاکانیش خەمی خۆیانە و دەیانەوێت پارەکانیان وەربگرن.

کاگینز ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانیان خوازیارن هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، گوتی، ئێمە ئێستا پشت بە فرۆشتنی خۆجێی دەبەستین کە نزیکەی 220 هەزار بەرمیلە ڕۆژێکدا، ئاماژەی بەوە کرد کە کوردستان دەیتوانی  نزیکەی 400 هەزار بەرمیل ڕۆژانە هەناردە بکات،تیشکی خستە سەر ئەوەی، کوردستان نزیکەی سەدا 80ـی داهاتاکەی لەسەر نەوتە، بۆیە پێویستە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

کاگینز ئاشکرای کرد، ئامادەن گۆڕانکاریی لە ڕێککەوتنەکان بکەن، بەڵام بە ڕەزامەندی کۆمپانیاکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، لەگەڵ ئەوەی بزانن داهاتیان چەند دەبێت، گوتیشی، پێویستمان بە دڵنیاییە بۆ وەرگرتنی پارەکانمان.