ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ڕەچاوی تەندروستیی کرێکاران بکات

ساتی کارکردنی ژماەیەک کرێکار لە پرۆژەیەکدا لە عێراق
ساتی کارکردنی ژماەیەک کرێکار لە پرۆژەیەکدا لە عێراق

K24 – هەولێر:

ڕێکخراوێکی کاری نێودەوڵەتیی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بەهۆی گەرماوە ڕەچاوی تەندروستیی کرێکاران بکات.

هەماهەنگیکاری ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لەوە دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە و پلەی گەرما تیایدا زۆر بەرزە، پێویستە حکوومەت چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دەستەبەری پارێزراویی و تەندروستیی کرێکاران دابنێت.

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی دەشڵێت: لەسەر حکوومەتی عێراق ئەرکە زانیاری دەربارەی زیانەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بڵاوبکاتەوە و ڕێکاری تایبەت بۆ پاراستنی کرێکاران لە پلەی گەرمای بەرز بگرێتەبەر.

لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 11 شاری عێراق لیستی ئەو 15 شارەدا بوون کە بەرزترین پلەی گەرمایان لە جیهاندا تۆمارکردووە.

بەپێی داتاکان کە بڵاوکراونەتەوە، ئەو 4 شارەی لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەرزترین ژمارەی پێوانەیی پلەکانی گەرمایان لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کردووە، سەرجەمیان عێراقین، ئەوانیش "عەمارە" پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەی گرتووە بە پلەی گەرمی 50.8 پلەی سیلیزی، دوای ئەوە ناسریە بە پلەی دووەم دێت و لە پلەکانی سێیەم و چوارەم هەریەک لە بەسرا و کوت دێن.