130 هەزار گەشتیار بۆ پشووی جەژن چوونەتە سۆران

سەیرانگاکانی دۆڵی ئالانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
سەیرانگاکانی دۆڵی ئالانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت، بۆ پشووی جەژنی قوربان زیاتر لە 130 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە کە زیاتر لە 20 هەزاریان، گەشتیاری بیانی بوونە.

یەکشەممە، 23-06-2024، د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن لیژنە و بازگەکانەوە دەستمان کەوتوون، لە پشووی جەژنی قوربان نزیکەی 130 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کردووە".

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، "لەو ژمارەیە زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار، بیانی بوون. واتا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری سۆران، بە تایبەت لە دەروازە سنوورییەکان، بێجگە لە فڕۆکەخانەکان".

وەکو ئەوەی د. فەیسەڵ سادق باسی کرد، زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار، بە شەو لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە تایبەت لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری باڵەکایەتی و چۆمان ماونەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران دڵخۆشیی خۆی بە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، پێشبینی هاتنی ئەو ژمارەی گەشتیارانیان کردبوو، چونکە وەکو خۆی گوتی، "ناوچەی زۆر دڵڕفێن لە سنووری سۆران هەن، کەشوهەواکەی زۆر گونجاوە و پشووی جەژنیش درێژ بوو".