نورەددین عوسمان: هیچ گرفتێک لە پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ڕووینەداوە

نورەددین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكانی هەرێمی كوردستان
نورەددین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكانی هەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: هیچ هەڵەیەک لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ڕووینەداوە، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ وەزارەتی پەروەردە و سەرجەم مامۆستایان.

نورەددین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكانی هەرێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی دەستپێکی تاقیکردنەوەکان بوو، پرۆسەی تاقیکردنەوەی یەکەم ڕۆژ بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو، بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا، توانیومانە بە شێوەیەکی زۆر باش و کوالێتییەکی زۆر باش پرسیار بخەینە بەردەستی قوتابییان، هیچ هەڵەیەک لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ڕووینەداوە، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان.

ئەمڕۆ تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كان بۆ پۆلی دوازده‌ی ئاماده‌یی به‌ هه‌موو به‌شه‌كانی زانستی، وێژه‌یی و پیشه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ ده‌ست كوردستان24ـوه‌ گه‌یشتوون، كۆی ئه‌و قوتابییانه‌ی به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانیان کرد 122،015 قوتابین و به‌سه‌ر دوو هه‌زار و 115 هۆڵ دابه‌ش كرابوون.

سه‌رجه‌م په‌روه‌رده‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌كانی زانستی، وێژه‌یی و پیشه‌یی 39 هه‌زار و 547 قوتابی به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كانیان کرد و به‌سه‌ر 680 هۆڵ دابه‌ش كرابوون.

هه‌روه‌ها له‌ پارێزگای سلێمانی 27 هه‌زار و 376 قوتابی له‌ 423 هۆڵ، له‌ پارێزگای دهۆك 28 هه‌زار و 285 قوتابی له‌ 525 هۆڵ، له‌ گه‌رمیان پێنج هه‌زار و 635 قوتابی له‌ 98 هۆڵ، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌زار و 794 قوتابی له‌ 39 هۆڵ، له‌ سۆران حه‌وت هه‌زار و 294 قوتابی له‌ 130 هۆڵ، له‌ ڕاپه‌ڕین پێنج هه‌زار و 749 قوتابی له‌ 105 هۆڵ و له‌ زاخۆ شه‌ش هه‌زار و 335 قوتابی له‌ 115 هۆڵ به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كانیان کرد.