گوتەبێژی حووسییەکان: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەرمان ناچاربە کشانەوە کردووە

گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانیان، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئایزنهاوەری ئەمەریکایان ناچار کردووە، لە دەریا سوور بکشێتەوە.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند "هێزە چەکدارەکانمان ئۆپراسیۆنێکی دژی ئەو کەشتییەیان لە ئۆقیانووسی هیندی کرد، ئۆپراسیۆنەکەمان سەرکەوتوو بووە و ئامانجی خۆی پێکا.

سەریع دەشڵێت، "وەک بەشێک لە بەرەنگاریمان دژی دووژمناکارییەکانی بەریتانیا و ئەمەریکا، ئۆپراسیۆنی هێزە چەکدارەکانمان بوونە هۆی کشانەوەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگریی ئایزنهاوەر لە دەریای سوور، چونکە لەماوەکانی ڕابردوودا هێزەکانمان هێرشیان کردبووە سەری.

هەڕەشەی بەردەوامیی بە هێرشی حووسیەکانیشی کرد بۆسەر ئامانجە ئەمەریکی و بەریتانییەکان.

چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە وەک پشتیوانییەک لە چەکدارانی حەماس هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان چڕکردەوە و ڕایانگەیاندووە، تا وەکوو هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت، ئەوانیش لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور بەردەوام دەبن.

هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ پارێزگاری لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن لە 11ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە لە چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حوسییەکان لە یەمەن و ڕایانگەیاندووە، هێرشی حوسییەکان بووەتە هەڕەشەیەک لە ئازادیی بازرگانیی جیهانی.