باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق بۆ كوردستان24: وەبەرهێنە ژاپۆنییەکان نایانەوێت بێنە عێراق
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق ئاماژه بهوه دهكات، هێرشی سەر براندە جیهانییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئابووری عێراق هەبووە؛ دهشڵێت، وەبەرهێنانی ژاپۆنی لە عێراق زۆر سنووردارە و وەبەرهێنە ژاپۆنییەکان نایانەوێت بێنە عێراق.
ڕۆژی دووشهممه، 24ـی حوزهیرانی 2024، فوتوشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق تایبهت به كوردستان24 گوتی، هێرشی سەر براندە جیهانییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری عێراق هەبووە و ترسی خستووەتە دڵی وەبەرهێنەرانەوە.
ڕوونیشی كردهوه، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر براندە جیهانییەکان دەبنە هۆی ترساندنی کۆمپانیاکان بە گشتی، واتە ترس دەخەنە دڵی هەموو کۆمپانیا بیانییەکان نەک تەنیا ئەمریکییەکان، نەبوونی ئارامی و سەقامگیری وای کردووە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان ترسیان هەبێت لەوەی بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن.
فوتوشی ماتسۆمۆتۆ ئاماژهی بهوهش كرد، لە ماوەی مانگی رابردوودا زۆر پەیوەندیی پێوە کراوە و پرسیار لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراق کراوە. گوتیشی "لێرەوە بە عێراقییەکان دەڵێم، ئەوانەی لەناو حکوومەتن و ئەوانەی هاووڵاتی ئاسایین، ئاساییش و سەقامگیری زۆر پێویستە بۆ عێراق."
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سهرنجی بۆ ئهوهش ڕاكێشا، قەبارەی وەبەرهێنانی ژاپۆن لە عێراق لە ئاستی پێویستدا نییە و هەموو ساڵیک پێشەنگه دەکەنەوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنی ژاپۆنی بۆ عێراق، بهڵام بۆ ئەمساڵ تەنیا 20 کۆمپانیا ئامادەن بەشداریی ئەو پێشەنگهیە بکەن، كه ئەم ژمارەیەیش زۆر سنوردارە و هاوكات هەوڵ دەدەن وەبەرهێنی زیاتر بۆ عێراق ڕابکێشن.
ڕۆژانی 26 بۆ 30-05-2024، ژمارەیەک هێرشێکی چەکداریی جۆراوجۆر کرانە سەر هەردوو خواردنگەی کەی ئێف سی و چلی هاوس لیز و پەیمانگەی کامبرێج لە شەقامی فەڵەستین و لقێکی خواردنگەی کەی ئێف سی و کۆمپانیای کاتەرپیلەر لە ناوچەی جادرییەی بەغدا.
سێشەممە، 04-06-2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشانە لەلایەن "ژمارەیەک کەس" بە بەکارهێنانی حەوت ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک کراون. ئاماژە بەوەش کراوە، لیژنەکانی لێکۆڵینەوە توانیویانە ناو و شوێنی کار و نیشتەجێبوونی هێرشبەران ئاشکرا بکەن و بە گوێرەی ماددەی چواری یاسای دژە تیرۆر دەستگیر کراون.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لهوهش كرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە، بەشێک لەو تۆمەتبارانەی هێرشەکانی هەردوو ناوچەی فەڵەستین و جادرییەی بەغدایان کردووە، "سەر بە دەزگهیەکی ئەمنین" و هێرشەکانیان بە مەبەستی "زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمهریکا" کردووە.
وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتبوو، تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا "ددانیان بەوەدا ناوە لەگەڵ کۆمەڵێک تۆمەتباری هەڵهاتوودا" بەشدارییان لە هێرشەکاندا کردووە. ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە بڕیاری دادوەر، فەرمانی دەستگیریی ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە دەرچووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بە گوێرەی ڕێکارە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."