پیر دەیان جەعفەر حەمو: حکوومەتی عێراق بەزۆر ناردنەوەی ئێزدییەکان دەکا بە پرۆسەیەکی دیکەی ئەنفال
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی عێراق بە بڕیاڕی بەزۆر ناردنەوەی ئێزدییەکان، پرۆسەیەکی دیکەی ئەنفال دووبارە دەکاتەوە، چونکە شنگال و دەورووبەری هێشتا ئاسایش و خزمەتگوزاریی تیادا نییە، خانووەکان وێران بوون و دەرفەتی ژیان و کار لەو ناوچەیە نەماوە.
دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024)، پیر دەیان جەعفەر حەمو، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، 400 هەزار ئێزدی دوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014 ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، دەڵێت، لەو ڕۆژە سەختانەدا هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ ئێزدیەکان کردەوە و درێخییان نەکرد لە بەهاناوەچوونیان، ئاماژەی بەوەشکرد کە 15 کەمپ لە دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ئاوارەکان کرانەوە کە سەدا 95 دانیشتووانی ئەو کەمپانە خەڵکی شنگالن، ئاشکرای کرد، 25 هەزار و 600 خێزان لەنێو کەمپەکانن، لە دەرەوەی کەمپەکانیش 37800 خێزان، گوتی، ئێستا حکوومەتی عێراق فشار دەخاتە سەر ئاوارە و ئێزدییەکان بە چوار ملیۆن دینار بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و سەر ماڵەکانیان کە هەمووی وێران بووە، دەڵێت، هەر ماڵێک پێویستی بە 20 ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنکردنەوە.
پیر دەیان جەعفەر حەمو دەڵێت، ناردنەوەی بەزۆری ئێزدییەکان ئەنفالکردنە، پێویستە بارەگای هێزە ناشەرعییەکان لابدرێن، بە خەڵکی ناوچەکە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزرێت ، هاوکات قەرەبووی خەڵکی شنگال بکرێتەوە بە 15 ملیۆن دینار، لەگەڵ گەڕاندنەوەی شەرعیەتی ئیدارەی شنگال، گوتی، هیچ یەک لەو خاڵانە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە جێبەجێ نەکراوە، لەبەرامبەردا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی خزمەتی ئاوارەکانی کردووە و بەردەوامیشە، ئەو خزمەتەشی بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیووە، بۆیە لە سێکتەرەکانی پەروەردە و تەندروستی و لایەنەکانی دیکە خزمەتی پێشکەشکردووە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران ئاشکرای کرد کە خەڵکی ژمارەیەک لەو کەمپانە خۆیان دژی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق نیشاندا بۆ بەزۆر ناردنەوەیان، گوتی، ئیدارەی شەرعی و خزمەتگوزاریی نییە، هاوکات ئاسایش نییە، ئاماژەی بەوە کرد کە، حکوومەتی عێراق خەڵکی شنگالی بێ خاوەن کردووە و هیچ خزمەتی ئاوارەکانی نەکردووە، لەگەڵ ئەوەش هیچ قەرەبووێکی نەکردوونەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی نهێنی ئەم دواییەدا، کە کۆپییەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، ئەنجوومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران (DRC) تیشکی خستۆتە سەر ئەو ئاستەنگە سەختانەی کە ڕووبەڕووی گەڕاوەکانەوە بۆ شنگال و یەسریب دەبێتەوە دوای بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی سەرجەم کەمپە فەرمییەکانی ئاوارەکان و ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراق تا 30ی تەمموزی 2024.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئەم بڕیارە، کە کاریگەریی لەسەر نزیکەی 150,000 کەس هەیە، مەترسییەکی بەرچاو بۆ ئەو دانیشتووانە دروست دەکات کە ئێستا لە دۆخێکی خراپدان و زۆربەشیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە ژێرخانی بنەڕەتی و خزمەتگوزارییان تێدا بەدی ناکرێت. ئەم ڕاپۆرتە لە دۆخی ئێستا و ئەزموونی گەڕاوەکان و پێویستی بەپەلەی وەڵامدانەوەی مرۆیی هەماهەنگکراو ورد دەبێتەوە .
ڕۆژی 23ی 1ی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داخستنی دوایین 23 کەمپی ئاوارەکانی ڕاگەیاند کە زۆربەیان دەکەونە هەرێمی کوردستان.
راپۆرتەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە نزیکەی 85 هەزار ئاوارەی شەنگال لە سەرانسەری کەمپەکانی هەولێر و دهۆک بڵاوبوونەتەوە و ژمارەیەکی کەمتر لە سلێمانی.