وەزیری نەوتی عێراق: ناتوانین دەست لە هاوردەکردنی گازی ئێران هەڵگرین

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکوو پرۆژەکانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی تەواو نەکرێن، ناتوانن دەست لە هاوردەکردنی گاز لە ئێران هەڵگرن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش لە کاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاوین بەهۆی کەمی کاتەکانی پێدانەوەی کارەبا لە زۆربەی شارەکانی عێراق خەڵکی خۆیشاندان دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن.

حەیان عەبدولغەنی، لە میانەی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئێستاش گازی ئێران سووتەمەنی کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق دابین دەکات، بەڵام گازی هاوردەکراو بەشی بەگەڕخستنی گشت وێستگەکان ناکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ساڵ توانیویانە وەبەرهێنان لە گازی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاد بکەن و بەرهەمهێنان لە شلە گازی نەوتی گەیشتووتە زیاتر لە دوو هەزار ملیۆن پێ سێجا، جیا لەمەش چەند گرێبەستێکیش لە بارەی وەبەرهێنانی گازی پەستان نزم مۆر کراوە، لە نێویشیاندا گرێبەستی وەبەرهێنانی گازی مەنسوورییەیە.

ڕاشیگەیاندووە، دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی هەشت پرۆژەی گەورە بۆ وەبەرهێنانی گازی دەرچوو. هەروەها ساڵی داهاتوو لە قۆناغی یەکەمدا پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی وزەی تەواو دەبێت کە توانای بەرهەمهێنانی 250 مێگاوات کارەبای هەیە.

ئەمەریکا تا وەکوو ئێستا چەند جارێک مۆڵەتی هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق درێژ کردووتەوە، بەڵام هۆشداریشی داوە ئەو درێژکردنەوانە تا سەر نابن و دەبێت حکوومەتی عێراق لە بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە سەرچاوە ناوخۆییەکان ببەستێت. بۆ ئەم مەبەستەش 15ی ئایاری ڕابردوو، جێفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ فەرمانگەی سەرچاوەکانی وزە، گەیشتە بەغدا.

لە بارەی سەردانەی جێفری پیات، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لەگەڵ پیات، خۆشحاڵیی خۆیی دەربڕی بوو، ڕاشیگەیاند بوو، دەتوانن بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کارەبای 24 کاتژمێری بۆ خەڵکی عێراق دابین بکەن.

هەروەها مەجید چێگێنی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری گاز ئاشکرای کردووە، بەگوێرەی دوو گرێبەست لە ساڵی 2017ـوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 52 ملیار مەتری سێجا گاز بە بەهای  15 ملیار دۆلار لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، حکوومەتی عێراق چەند گرێبەستێکی بۆ چاره‌ی قه‌یرانی كاره‌با لەگەڵ میسر، ئوردن و وڵاتانی دیکەی کەنداو مۆر کردووە بۆ ئەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی عەرەبی ببەستێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە بە بەهای 27 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و چەندین کۆمپانیایەکی دیکەی ئەورووپایی کردووە، بەڵام هیچ یەکێک لە گرێبەستەکان گلۆپێکیان لە عێراق دانەگیرساندووە.

هەروەها چەند ڕۆژێکە لەگەڵ چوونە نێو وەرزی هاوین، پێدانەوەی کارەبای نیشتمانی لە شارەکانی عێراق کەمبووتەوە و ئەمەش بووەتە جێگەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی دانیشتوانی پارێزگای زیقار و چەند ناوچەیەکی بەغدا و شارەکانی باشووری عێراق لێکەوتووتەوە.