عێراق لە ڕیزبەندی سێیەمی وڵاتانی عەرەبی دێت لە گۆشتخواردندا  

بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە ماڵپەڕە نێودەوڵەتی و عەرەبییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، لە ئەمساڵدا کوەیت لە پێشەنگی لیستی وڵاتانی عەرەبیدایە کە زۆرترین خەرجی تاکی کوەیتی بۆ کڕینی گۆشتی سوور بووە.  لوبنان پلەی دووەمی بەدەست هێناوە، عێراقیش لە پلەی سێیەمدایە.

پێشتریش، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاندبوو، بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە عێراق ڕەزامەندییان لەسەر هاوردەکردنی گۆشت لە بەرازیل و ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیا داوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی سامانی ئاژەڵ، وەلید محەممەد ڕزوقی ڕایگەیاندبوو: "داواکاریی هاوردەکردن بۆ ئەو ئاژەڵانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، لەئەنجامی ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ و فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ و بەشی ڤێتەرنەری ڕێگەیان دا گۆشتی سوور لەو وڵاتانە هاوردە بکەن کە ناسراون، ئەم بابەتەش بەردەوام دەبێت و ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە دابەزینی نرخی گۆشت بۆ هاووڵاتییانی عێراق".

بەگوێرەی ئامارێک کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور گەیشتووەتە 15 دۆلار، نزیکەی 22 هەزار دیناری عێراقی.

ئامارە فەرمییەکان، کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و بەشی سامانی ئاژەڵدارییەوە ڕاگەیەندراوە ئاماژە بەوە کراوە، "ساڵانە نزیکەی 320 هەزار تۆن گۆشتی سوور لە عێراق بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە 580 هەزار تۆنە، بەمەش کورتهێنان لە بەرهەمهێناندا هەیە".

پەیمانگای توێژینەوەی تەندروستی کە تایبەتمەندە لە بواری خۆراک، ڕایگەیاند، تاکی عێراق ساڵانە 12 کیلۆ گۆشت دەخوات، لە کاتێکدا ئامارەکان دەری دەخەن ساڵانە 20 کیلۆ گۆشت تێ دەپەڕێنێت و ڕێژەی خواردنی گۆشت لە جیهاندا ساڵانە 16 کیلۆگرامە بۆ هەر کەسێک.

بەم ئامارانە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە تاکێکی عێراقی ساڵانە نزیکەی 300 دۆلار بۆ کڕینی گۆشتی سوور خەرج دەکات، هەروەها تێکڕای خەرجییەکانی سەرتاسەری لە کوێت بۆ کڕینی گۆشتی سوور لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە 512 دۆلار، لە کاتێکدا هەر تاکێک لە لوبنان نزیکەی 396 دۆلار بۆ کڕینی گۆشت خەرج دەکات، سەرەڕای ڕێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە.

سعودیە لە پلەی چوارەمدا دێت، ساڵانە تاکی سعوودی 210 دۆلار بۆ کڕینی گۆشتی سوور خەرج دەکات. لە پلەی پێنجەمدا ئیمارات دێت، بە خەرجکردنی 196 دۆلار بۆ هەر تاکێک. دواتر میسر بە 188 دۆلار و عومان بە 159 دۆلار، جەزائیر بە 150 لە پلەی هەشتەمدا دێت، و بەحرەین لە پلەی نۆیەمدا دێت بە 114 دۆلار. هەروەها لە پلەی دەیەم تونس  بە 106 دۆلار. مەغریب بە 66 دۆلار دێت بۆ هەر تاکێک.

هەرچەندە کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی گۆشتی ناوخۆیی عێراقدا هەیە، بەڵام لەم دواییانەدا عێراقدا گۆشت بە قاچاخ دەبرایە دەرەوەی وڵات کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور هەبووە.