ميليشياكانى لايه‌نگرى توركيا: رووده‌كه‌ينه‌ منبج

يه‌كێك له‌ به‌رپرسانى به‌رهه‌ڵستكارانى پشتيوانيلێكراو له‌ لايه‌ن توركياوه‌ رايگه‌ياند، ئه‌وان چاويان له‌وه‌يه‌ منبج كۆنترۆڵ بكه‌ن و هێزه‌ كوردييه‌كان له‌ شاره‌كه‌ ده‌رپه‌ڕێنن.

K24 – هه‌ولێر:

يه‌كێك له‌ به‌رپرسانى به‌رهه‌ڵستكارانى پشتيوانيلێكراو له‌ لايه‌ن توركياوه‌ رايگه‌ياند، ئه‌وان چاويان له‌وه‌يه‌ منبج كۆنترۆڵ بكه‌ن و هێزه‌ كوردييه‌كان له‌ شاره‌كه‌ ده‌رپه‌ڕێنن.

يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل و هاوپه‌يمانه‌كانيان له‌ هاوپه‌يمانى سوورياى ديموكراتى دواى 70 رۆژ شه‌ڕ توانيان منبج له‌ ده‌ستى داعش رزگار بكه‌ن، به‌ڵام له‌ ئێستادا توركيا و لايه‌نگرانى روويان له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌.

عه‌قيد ئه‌حمه‌د عوسمان فه‌رمانده‌ له‌ ميليشياى سوڵتان موراد تايبه‌ت به‌ رۆيته‌رز رايگه‌ياند، به‌ دڵنياييه‌وه‌ رووده‌كه‌ينه‌ منبج بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستى هاوپه‌يمانى سوورياى ديموكراتى ده‌ربهێنين.

گوتيشى: ئه‌و هێزانه‌ له‌ شاره‌كه‌ ده‌رنه‌چوونه‌ و خه‌ريكى قايمكاريين بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان.

پێشتر توركيا و ئه‌مريكا داوايان له‌ هێزه‌ كوردييه‌كان كردبوو، له‌ كه‌نارى خۆرئاواى فورات بكشێنه‌وه‌.

يه‌كينه‌كان رايانگه‌ياندووه‌، سه‌رجه‌م چه‌كداره‌كانيان له‌ خۆرئاواى فورات كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتى فورات.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ميليشياى سوڵتان موراد بۆ رۆيته‌رز ئاشكراى كردووه‌، كه‌ به‌ دڵنياييه‌وه‌ رووده‌كه‌نه‌ منبج.

سه‌رچاوه‌: رۆيته‌رز