سه‌ركار سورچی: تیمی پزیشکیی وەزارەت به‌ چوار قۆناغ خزمه‌تگوزارییه‌كانی پێشكه‌ش به‌ حاجییانی هه‌رێمی كوردستان كرد

سه‌ركار سوورچی
سه‌ركار سوورچی

K24 - هەولێر:

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ ناردنی شاندی پزیشکیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌شتیی حه‌ج، بریتی بوو له‌ دابینكردن و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان؛ ده‌شڵێت، خزمه‌تگوزارییه‌كان چوار قۆناغ بوون.

چوارشه‌ممه‌، 26ـی حوزه‌یرانی 2024، سه‌ركار سورچی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، له‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی پرۆسه‌ی حه‌ج، ڕامانگەیاند شاندێكی پزیشکیی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان هاوسه‌فه‌ری حاجییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت بۆ چاودێریی ڕه‌وشی ته‌ندروستیی حاجییانی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌ركار سورچی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ ناردنی شاندی پزیشکیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌فه‌ری حه‌ج، بریتی بوو له‌ دابینكردن و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بۆ حاجییانی هه‌رێمی كوردستان.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، شانده‌كه‌ له‌ تیمێكی 21 كه‌سیی پێك هاتبوو، كه‌ پزیشكانی پسپۆر و كارمه‌ندانی دیكه‌ی ته‌ندروستی له‌ خۆ گرتبوو.

ناوبراو ڕوونیشی كرده‌وه‌، تیمه‌ پزیشکیه‌کە به‌ پێی ته‌مه‌نی حاجییان و ڕه‌وشی ته‌ندروستییان مامه‌ڵه‌یان كردووه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان پێشكه‌ش كردوون. گوتیشی، خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ چوار قۆناغ بوو، قۆناغی یه‌كه‌م به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی گه‌شتی حه‌ج بووه‌، ئه‌ویش به‌ پێدانی ڕێنمایی به‌ حاجییان به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌ن و گوازراوه‌كان و پێدانی پێنج له‌ ڤاكسینه‌ دیاریكراوه‌كان به‌ حاجییان.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، قۆناغی دووه‌م له‌ مه‌ككه‌ بوو و له‌ ڕێگه‌ی سێ كلینیكی تایبه‌ته‌وه‌ بووه‌، به‌تایبه‌تی به‌ دابینكردنی هۆڵێكی چوار قه‌ره‌وێڵه‌یی. هه‌روه‌ها قۆناغی سێیه‌م تایبه‌ت بوو به‌ چوونی حاجییان بۆ عه‌ره‌فه‌ و پێدانی ڕێنمایی بۆ خۆپاراستنی حاجییان له‌ تینی گه‌رما و به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كانیان ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌بووه‌. له‌ قۆناغی چواره‌میشدا تیمه‌ پزیشکییەکە به‌رده‌وام له‌ كاتی به‌جێهانی سرووته‌كانی حه‌جدا له‌ شاری مه‌دینه‌ چاودێریی حاجییانیانی كوردستانیان كردووه‌.